روودوا دیجیتاڵ
کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک کە گوایە ئەو کۆنسوڵخانەیە داوای کردووە رێگە بە کردنەوەی رێکخراوێکی تایبەت بە هاوڕەگەزخوازان بدرێت، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەنگۆکەی رەتکردەوە.
رۆژی شەممە، 17-6-2023، کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "هەندێک کەناڵی راگەیاندن هەواڵێکیان بڵاوکردووەتەوە کە گوایە لە کۆبوونەوەی 8ی حوزەیراندا، کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا داوای لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان کردووە رێگە بە تۆمارکردنی رێکخراوی هاوڕەگەزخوازی بدات، کۆنسوڵخانەی گشتی ئەمریکا ئەو دەنگۆیە رەتدەکاتەوە".
لە راگەیێندراوەکەی کۆنسوڵخانەکەدا ئەوەش باسکراوە، ئەمریکا "پشتیوانی لە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بۆ هەمووان دەکات، بەڵام ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە."
رۆژی 8ی حوزەیرانی 2023، کونسوڵ و نوێنەری هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا و کۆریای باشوور لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لە راگەیێندراوێکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانیشدا کە ئەوکات بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە نەدراوە کە بابەتێکی لەوجۆرە باسکرابێت.
ئەوکات، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، "وێرای بەخێرهێنانی شاندی میوان، لە دیدارەکەدا بیروڕا لە بارەی کار و چالاکیەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان و گیروگرفتەکانیان ئاڵوگۆڕکران، لەگەڵ نوێنەر و کونسوڵی وڵاتان هاوڕابووین لەسەر پاڵپشتی و هەماهەنگی بەردەوام بۆ رێکخراوە ناحکومییەکان و لەم رووەشدا پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپاتکرایەوە.
ئومێد سەباح گوتیشی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر چۆنییەتی جێبەجێکردنی کار وچالاکیەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان و جەخت کرایەوە لە جێبەجێکردنی کار و چالاکییەکانیان لە چوارچێوەی پڕنسیپە یاساییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ