رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی میراتی کولتووری، گەشتیاری و پیشە دەستییەکانی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە 11 مانگی رابردوودا تەنیا 353 گەشتیاری بیانی سەردانی مۆزەخانەکانی پارێزگاکەیان کردووە.
ئەمڕۆ (دووشەممە، 17ـی شوباتی 2025) مورتەزا سەفەری، ئاماری سەردانی گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی بۆ مۆزەخانەکان و شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەو پارێزگایەی بڵاوکردەوە.
مورتەزا سەفەری رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزی 2024ـەوە تاوەکو ئێستا، تەنیا 353 گەشتیاری بیانی سەردانی مۆزەخانەکانی پارێزگای ورمێیان کردووە، کە زۆربەیان خەڵکی وڵاتانی دراوسێن، لەبەرامبەردا 152 هەزار و 417 گەشتیاری ناوخۆیی سەردانی مۆزەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەو پارێزگایەیان کردووە.
مورتەزا سەفەری دەشڵێت، لەو ماوەیەدا مۆزەخانەی تەختی سلێمان لە تیکاب، زۆرترین سەردانکەری هەبووە، دوای ئەوەش زیاترین گەشتیار سەردانی مۆزەخانە و کۆشکی باخچەجوقی ماکۆ و کەنیسەی تاتائۆسی پیرۆزیان لە چاڵدێران کردووە.
ئێستا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، 22 مۆزەخانە هەن، کە دووانیان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە کراونەتەوە، پلان هەیە 9 مۆزەخانەی نوێ لەو پارێزگایە دروست بکرێن.
هەروەها لە پارێزگای ورمێ، زیاتر لە 1796 شوێنەواری مێژوویی لە تۆماری نیشتمانیی شوێنەواری ئێران تۆمارکراون، دۆسیەی 100 شوێنەواری دیکەش هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ