قوباد تاڵەبانی: هەنگاوی باش بۆ پێکهێنانی حکومەت نراوە

17-02-2025
پەیمان محەممەد
قوباد تاڵەبانی, جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
قوباد تاڵەبانی, جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی حکومەت بەردەوامن و هەنگاوی باش نراوە. گوتیشی، لەگەڵ پارتی لەسەر بەشێکی بابەتەکان رێککەوتوون، لەسەر بەشێکیان خەریکە رێکدەکەون، بەشێکیشیان هێشتا وەک خۆیان ماونەتەوە.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-02-2025، قوباد تاڵەبانی دوای بەشداریکردنی لە دیداری ئاسایشی ئەلیکترۆنیی 2025 کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''ئیڤێنتێکی گرنگ بوو، بابەتەکە گرنگ و سەردەمییە کە پێموایە تەنیا پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە، حکومەت، بازاڕ، ئەکادیمیا و هاووڵاتی دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییانەی [ئەلیکترۆنی] هەن و هەڕەشەن بۆ سەر هاووڵاتییان، دامەزراوەکان و بازرگانان، پڕ بکرێنەوە.''
 
شاندی ئیمراڵی لە هەرێمی کوردستانە. لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەتەوە، بڕیارە سەردانی سلێمانیش بکەن و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە.
 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی کاریگەریی هاتنی شاندی ئیمراڵی لەسەر کەمبوونەوەی سزاکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی ئاماژەی دا، ''رەنگە دوو شتی جیاواز بن، ئینشائەڵڵا ئەو گەمارۆیانەی کە هەن لادەبرێن و  بۆ خەڵک دەردەکەوێت کە سلێمانی دۆستی هەموو جیهانە.''
 
لە 3ـی نیسانی 2023ـەوە کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە راگرتووە. لە هەمان کاتدا تورکیا رێگە نادات ئەو فڕۆکانەی دەچنە سلێمانی و ئەوانەی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەچنە فڕۆکەخانەکانی دیکە، بە ئاسمانی تورکیادا تێپەڕن.
 
لەبارەی هۆکاری راگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت، چالاکییەکانی پەکەکە لە سلێمانی چڕبووەتەوە و ئەو رێکخراوە "دزەیکردووە نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکانیان."
 
ئامانجی سەردانەکەی شاندی ئیمراڵیش گەیاندنی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە بە کەسایەتی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا و باکووری کوردستان.
 
''بۆ پێکهێنانی حکومەت هەنگاوی باش نراوە''
 
لە بەشێکی قسەکانیدا، جێگری سەرۆکوەزیران باسی لە هەوڵی شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان.
 
قوباد تاڵەبانی کە هاوکات خۆی ئەندامی شاندی دانوستاندکاری یەکێتییە بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڵێت، ''کۆبوونەوە و گفتوگۆکان بەردەوامن و هەنگاوی باشیش نراوە، شاندەکانی هەردوو لا چەندین کۆبوونەوەیان لە ئاستی سیاسی و تەکنیکی کردووە.''
 
بەگوتەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ پێکهێنانی حکومەت، ''رێککەوتن لەسەر بەشێکی بابەتەکان کراوە، لەسەر بەشێکیان خەریکە رێکدەکەوین و هەندێک بابەتیش ماون کە هێشتا رێککەوتنیان لەسەر نەکراوە.''
 
قوباد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو، ''پێموایە پڕۆسەکە، پڕۆسەیەکی ئاساییە و باش دەچێتە پێشەوە، ئینشائەڵڵا دەگەینە ئەنجام و حکومەتێکی نوێمان دەبێت.''
 
لیژنەیەکی تەکنیکی لەنێوان پارتی و یەکێتی پێکهێنرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی شێوازی بەڕێوەبردنی کابینەی نوێی حکومەت. دوای پێنج کۆبوونەوە، 4ـی ئەم مانگە، لیژنەکان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا گوتیان، دوایین کۆبوونەوەیان کردووە و، "لێكگه‌يشتنى هاوبه‌ش و رێككه‌وتنى سه‌ره‌تايى له‌سه‌ر زۆربه‌ى ته‌وه‌ره‌كان هاتووه‌ته‌دی."
 
ئێستا چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا شاندی دانوستاندنکاری یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو رەشنووسەی لەلایەن لیژنەی تەکنیکییەوە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ خراوەتەڕوو، کۆببنەوە.
 
زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردن و زیاتر لە دوو مانگیش بەسەر یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمان تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

حوسێن ئۆڵان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە پارێزگای بەدلیس

حوسێن ئۆڵان: رەنگە 11ی ئایار ئەنجامی کۆنگرەی پەکەکە رابگەیێندرێت

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی رایدەگەیێنێت، بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەوە راگەیاندنی ئەنجامی دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە دواکەوتووە، پێشبینی دەکات رۆژی یەکشەممە ئەنجامەکان ئاشکرا بکرێن. هاوکات داوا دەکات تاوەکو مانگی حوزەیران نزیکەی 4000 زیندانیی کورد ئازاد بکرێن و یاسای دژەتیرۆریش لە تورکیا هەمواربکرێتەوە