رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا تانکەرێک لە ناحیەی رۆڤیای قەزای بەردەڕەش، خۆی بە زیاتر لە شەش ئۆتۆمبێلدا کێشا و دواتر چووە نێو دووکانێک، شایەتحاڵان دەڵێن، "رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە."
نیوەڕۆی رۆژی شەممە، 17-02-2024، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە گوندی (حەسەنیە)ـی سنووری ناحیەی رۆڤیای قەزای بەردەڕەش لە پارێزگای دهۆک، تانکەرێک خۆی بە زیاتر لە شەش ئۆتۆمبێلدا کێشا و دواتر چووە نێو دووکانێکی کەلوپەلی نێو ماڵ.
شایەتحاڵێک لەبارەی چۆنیێتیی رووداوەکە بە ئەیوب نەسری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''نزیکەی شەش بۆ حەوت ئۆتۆمبێل لە بەردەم دووکانەکە وەستابوون، تانکەرێک خۆی پێداکێشان و هاتە نێو دووکانەکەوە.''
ئەو شایەتحاڵە ئاماژەی بەوە کرد، ''شەش بۆ حەوت ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.''
یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان کە زیانی بەرکەوتووە، لە جۆری ئۆپڵە و لە ژێر تانکەرەکەدا بە تەواوی پان بووەتەوە، خاوەنی ئۆپڵەکە بە رووداوی گوت، "خێزانەکەم لەگەڵ بوون، تەنیا دوو خولەک بوو لە ئۆتۆمبێلەکە دابەزیبووین کە رووداوەکە دروستبوو؛ من لە ئۆتۆمبێلەکەم دەگەڕام، کە دواتر بینیم لە ژێر تانکەرەکەدایە.''
بە گوتەی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، جگە لە ئۆتۆمبێلەکان زیانێکی زۆر بەر دووکانەکە کەوتووە و ژنێکیش بە سووکی بریندار بووە.
شۆفیری تانکەرەکە لە شوێنی رووداوەکە نەماوە، بەڵام خاوەنی ئەو تانکەرە دەڵێت، ''شۆفێرم بۆ تانکەرەکە گرتووە و گوتوویەتی، 'کۆنترۆڵم لە دەست دەرچووە' بۆیە ئەم کارەساتە روویداوە.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ