رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی پیرانشار- شنۆی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، شۆفێرێک کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستدا. سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری پارێزگاکە دەڵێت، سێ کەس بریندار بوون.
ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 16-02-2024، لە رێگەی پیرانشار - شنۆی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا، شۆفێری ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری پراید، کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکەی لەدەستدا و کەوتە ژێر پردێک.
حەمید مەحبووبی، سەرۆکی رێکخراوی مانگی سووری پارێزگای ورمێ لەوبارەوە گوتی، رووداوەکە لەنێوان شارۆچکەی ناڵۆس و گوندی سەرگیز روویداوە و هەر سێ سەرنشینی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بوون.
حەمید مەحبووبی ئاماژەی بەوە کرد، هەر زوو تیمەکانی فریاگوزاری سەر بە شاری پیرانشار گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و بریندارەکانیان بۆ نەخۆشخانە گواستەوە.
شارۆچکەی ناڵۆس دەکەوێتە 10 کیلۆمەتریی باشووری شاری شنۆ و سەرگیزیش یەکێک لە گوندەکانی سەر بەو شارۆچکەکەیە.
بە گوتەی عەمید رەحیم جەهانبەخش، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای ورمێ، لە 21-3-2023ـەوە تاوەکو 21-9-2023، 25 هەزار و 114 رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکە تۆمارکراون، کە بەهۆیانەوە 373 هاونیشتمانی گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ