رووداو دیجیتاڵ
سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە، هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر بە کردەوەیەکی "ناجوامێرانە ناودەبات و دەڵێت، ''جێگەی دڵخۆشییە کە ئەمجارە دڵگرانییەکی فەرمیی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر هێرشەکە دەبینرێت.''
رۆژی چوارشەممە، 17-01-2024، سیروان بارزانی، سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ - مەخموور) لە پرسەی پێشڕەو دزەیی و کچەکەی کە لە هێرشی مووشەکیی شەوی دووشەممەی رابردووی سوپای پاسداران بۆ سەر شاری هەولێر، گیانیان لەدەستدابوو، بە رۆژنامەڤانانی رایگەیاند، ''ئەوەی ئێران کردی جێگەی داخە، هێرشەکەی بۆ سەر هەولێر بەبێ پاساو و کردەیەکی ناجوامێرانە بوو.''
شەوی دووشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2024، سوپای پاسداران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر، کە پێنج لەو مووشەکانە بەر ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن و گیانلەدەستدانی خۆی و منداڵێکی و هاوڕێیەکی و کارگوزارێکی ماڵەکەی لێکەوتەوە، هەروەها 16 کەسیش بەهۆی هێرشەکەوە بریندار بوون.
بیانووی سوپای پاسداران بۆ هێرشەکە کردنە ئامانجی ''دەستوپەیوەندەکانی مۆساد'' و ئەو کارگوزارانە بوو کە لە تێکدانی ئاسایشی ئێراندا دەستیان هەبووە، سیروان بارزانی لەوبارەوە گوتی، ''ئیسرائیلی لێرە [هەولێر] چی دەکات؟ نە ئیسرائیلی لێرەیە و [نە شوێنیان هەولێرە]، شوێنی ئیسرائیلییەکان دیارە.''
سەرپەرشتیاری میحوەری شەشی پێشمەرگە (گوێڕ - مەخموور) ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە هێرشەکەدا خەڵکی سڤیلی کردووەتە ئامانج و ''هێزی خۆی بە شەهیدێکی وەکو خوالێخۆشبوو پێشڕەو دزەیی تاقی دەکاتەوە و پیشانی جیهان و گەلی کوردستان دەدات کە من ئەم جۆرە مووشەکانەم هەیە، بەڵام بۆ خودی ئێران خراپە کە گەلانێک یان نەتەوەی کورد لەگەڵ خۆی بکاتە دووژمن.''
لە بەرامبەر هێرشی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بۆ سەر هەولێر، حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵوێستی تووندیان گرتووەتە بەر، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ لە شاری داڤۆسی سویسرا، محەممەد شیاع سوودانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەردوو حکومەتەکە کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراویان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران هەڵوەشاندەوە.
هاوکات سابت عەباسی وەزیری بەرگریی عێراق هەر لەوبارەوە لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەگەر هەیە پەنا ببەنە بەر هەڵپەساردنى رێککەوتنى ئەمنیی نێوانیان لەگەڵ ئێران، گوتیشی، " ئەوەى ئێران کردى زیان بە بەرژەوەندى و پەیوەندیى نێوان عێراق و ئێران دەگەیێنێت، دەبێت وڵاتانى دراوسێ ئەوە بزانن، کە عێراق بێ هێز نییە."
سیروان بارزانی گوتی، ''جێگەی دڵخۆشییە، کە ئەمجارە محەممەد شیاع سوودانی و حکومەتی عێراق کاردانەوەیەکی باشیان تەنانەت لە ئەنجوومەنی ئاسایش[ـی نێودەوڵەتی]ش هەبوو و بانگهێشتی باڵیۆزی ئێرانیش [لە بەغدا] کرا، بۆیە ئەمجارە بابەتەکە دڵگرانیی عێراقی بە فەرمی پێوە دیارە.''
رۆژی 19ـى ئادارى 2023، عێراق و ئێران رێککەوتنێکى ئەمنییان واژۆ کرد بۆ پاراستنى سنوورى نێوانیان و ئاڵوگۆڕکردنى زانیاریى هەواڵگری. لە چوارچێوەی رێککەوتنەکە پێشمەرگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە چەک داماڵدران و لەسەر سنوورەکانی ئێرانیش دوورخرانەوە، کە چەندین جار لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەک و درۆن لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا هێرشیان کراوەتە سەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ