رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیستۆنیا کۆبووەوە و دەڵێت: ''باسمان لە برەودانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیستۆنیا و هەرێمی کوردستان کردووە و خوازیارین سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ئەم وڵاتە وەربگرین.
شەوی چوارشەممە، 17-01-2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئالار کاریس، سەرۆکی ئیستۆنیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''جێگەی خۆشحاڵی و پێزانینە کە لە یەکەم سەردانیدا بۆ عێراق، سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد.''
نێچیرڤان بارزانی باسی لە نێوەرۆکی کۆبوونەوەکە کرد و گوتی، ''باسمان لە برەودانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیستۆنیا و هەرێمی کوردستان و دەرفەتەکانی هاریکاریی هاوبەش و گرنگیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا کرد.''
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014 بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و یەکەیەکی سوپای ئەو وڵاتەش کە لە 110 سەرباز و راوێژکار پێکهاتووە لە هەولێرن، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی ئیستۆنیای کرد کە لەو چوارچێوەیەدا هاوکاریی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە و گوتیشی، ''ئێستاش هێزێکی سەربازییان لە هەرێمی کوردستان لە ئەرکدان کە راوێژ و یارمەتیی پێشکێش بە پێشمەرگە دەکەن.''
وەکو نێچیرڤان بارزانی گوتی، هێرشی مووشەکیی رۆژی دووشەممە 15ـی کانوونی دووەمی سوپای پاسداران بۆ سەر هەولێر، پێشهاتەکانی ناوچە، دۆخی مرۆیی لە غەززە و شەڕ لە ئۆکراینا بەشێکی دیکە لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئالار کاریس بووە.
جگە لە هاوبەشیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دەمارگرژی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان خوازیارە سوود لە پسپۆڕی و ئەزموونە سەرکەوتووەکانی ئیستۆنیا وەربگیرێت، لەوانەش بواری ''ئایتی و حکومەتی ئەلیکترۆنی'' کە وەک دەڵێت، ئیستۆنیا تێیاندا پێشەنگە.
نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، بۆ سوود وەرگرتن لە ئەزموونە سەرکەوتووەکانیان، چەندین جار شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیستۆنیای کردووە، ''بۆ ئەوەی لە بواری شەفافیەت و بیناکردنی دامەزراوەکان، سوود لە ئەزموونی ئەوان وەربگرین.''
ئیستۆنیا وڵاتێکی بچووکی باکووری رۆژهەڵاتی ئەوروپایە و پایتەختەکەی تالینە.
دوای سەربەخۆبوونی لە ساڵی 1991، سیاسەتی ئەو وڵاتە هاوتەریب بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و لە 2004دا بووە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
ژمارەی دانیشتووانی ئیستۆنیا یەک ملیۆن و 331 هەزار کەسە و رووبەرەکەی 45 هەزار و 340 کیلۆمەتر دووجایە؛ ئیستۆنی زمانی فەرمییە و خاوەنی 250 هەزار سەربازە کە 4000یان چالاکن.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014ـەوە بە ناردنی چەک یارمەتی پێشمەرگە و سوپای عێراقی داوە و نزیکەی 9 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاریشی بۆ بواری مرۆیی، هەڵگرتنەوەی مین و سەقامگیری تەرخانکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ