کوردستان
خۆپێشاندانی ژمارەیەک لە دەرچووە یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر هەواڵەکە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ناوی نزیکەی 10 هەزار دەرچووی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستانمان بۆ بەغدا ناردووە بە مەبەستی دامەزرانیان. ئەو کەسانە سێ یەکەمەکانن."
رۆژی 1-11-2022، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی دا. چاوەڕوان دەکرێت ئەو بڕیارە سێ یەکەمەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە.
رۆژی سێشەممە، 17-1-2023، د. توانا نەجەف، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕیی میدیایی رووداوی گوت: "نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ئاگاداریان کردینەوە کە ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی راژەی گشتی فیدراڵیی عێراق بنێرین بە مەبەستی دامەزراندنیان و ناوەکانیشمان ناردوون."
د. توانا نەجەف گوتی: "ناوی سەرجەم ئەو یەکەمانەی دانەمەزراون و دەرچووی ساڵانی 2017-2018 تاوەکو 2022ن، بۆ بەغدا نێردراون کە بە گشتی نزیکەی 10 هەزار کەسن."
لەبارەی دامەزراندنی سەرجەم ئەو کەسانەی ناویان نێردراوە، سەرۆکی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی: "ئاگاداری ئەوە نین، بەڵام عێراق داوای ناوی سەرجەم ئەو دەرچووانەی کردووە کە دانەمەزراون و ئێمەش ناوی سەرجەممان ناردوون."
د. توانا نەجەف گوتیشی: "پرۆسەی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان بە چەند قۆناخێکە. سەرەتا ئەو ناوانە دەچنە ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵیی عێراق و ئەوانیش ناونیشانی پیشەیی - عنوان الوظفي-یان بۆ دیاریدەکەن و دواتر ناوەکان دەچنە وەزارەتی دارایی و دواتر ئەوان خوێندنەوە بۆ ئەو بودجەیە دەکەن کە پێویستە بۆ دامەزراندنیان و دوای پەسندکردنی بودجە، دامەزراندنیان لە بودجە پەسند دەکەن."
هەر لەوبارەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، د. بڕیار رەشید، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 4-12-2022دا نووسراوێکم ئاراستەی ئەنجوومەنی راژەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵا؛ دواتریش لەگەڵ مەحموود تەمیمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی حکومەتی فیدراڵ کۆبووینەوە، بەپێی مادەکانی 67 و 59ی ساڵی 2017 بڕیاریاندا بە دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانی هەرێمی کوردستان. ئەو بڕیارە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە".
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بڕیارە مانگی داهاتوو ناوەکان بنێردرێن بۆ ئەنجوومەنی راژەی گشتی و کارەکانیان تەواو ببێت بە مەبەستی دامەزراندنیان.
ئەم هەواڵە بە هاوبەشی لەلایەن نازەنین گۆران و زانا کەیانییەوە ئامادەکراوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ