رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا، دەسترێژی گوللـە لە پارێزەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا و بەپێی زانیارییەکانی رووداو دوو گوللـەی بەرکەوتووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و تەندروستی جێگیرە.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، سۆهراب ئەسەدوڵڵا رەحمەتی، پارێزەری خەڵکی شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ماوەی 15 ساڵە لە هەولێر دەژی، پارێزەرە و ئەندامی سەندیکای پارێزەرانی کوردستانە تەقەی لێکرا.
هەڵەبجە سەعدوون، پەیامنێری رووداو لە بەردەم نەخۆشخانەی ئێمیرجنسیی هەولێر گوتی، نزیکەی دوو کاژێر پێش ئێستا سۆهراب ئەسەدوڵڵا رەحمەتی دەسترێژی گوللـەی لێکراوە و دوو گوللـەی بەرکەوتووە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە تەندروستی جێگیرە.
ئامانج زیبایی، جێگری بەرپرسی پەیوەندییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، "سۆهراب ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانە، تائێستا ناسنامەی تەقەکەرەکان دیار نییە. ئێمە کەیسەکەمان بۆ لایەنە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان جێهێشتووە لێکۆڵینەوە بکەن. بەڵام ئەمە کارێکی قێزەونە بەرامبەر بە کەسێک دەکرێت هەوڵی چەسپاندنی یاسا دەدات."
باس لەوە دەکرێت پێشتر پارێزەرەکە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە. ئامانج زیبایی لەبارەی هەڕەشەکردن لە پارێزەرەکە گوتی، "ساڵێک دەبێت کە هەڕەشەی لێدەکرێت، گومان دەکرێت ئەو کەسانەی هەڕەشەیان لێدەکرد لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتی بکرێن."
ئەو بەرپرسەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باسی تەندروستیی سۆهراب رەحمەتی کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا تەندروستی جێگیرە و پزیشکان ئامادەکاری دەکەن تاوەکو نەشتەرگەری بۆ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ