سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندنی پەرلەمانی عێراق: کێشەی کۆمپانیای کۆڕەک چارەسەر کراوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رێککەوتن. بەگوێرەی رێککەوتنەکە کۆمپانیاکە لە ماوەی شەش ساڵدا، ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار دەداتەوە.
 
زەهرە بەچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 16-10-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، دوای چەندین گفتوگۆ و دانیشتن، کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمپانیاکە.
 
زەهرە بەچاری گوتی "بەپێی رێککەوتنەکە؛ کۆڕەک تیلیکۆم لە ماوەی شەش ساڵدا، ملیارێک و 250 ملیۆن دۆلار دەداتە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بووە، لەبەرامبەردا ئەو کۆت و بەندانەی لەسەر کۆمپانیاکەن، هەڵبگیرێن و پەیوەندییەکانی ئاسایی ببێتەوە." 
 
بەگوتەی سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق "کۆمپانیای کۆڕەک بە نووسراوی فەرمی، رەزامەندیی دەربڕیوە کە پارە کەڵەکەبووەکانی سەری بداتەوە." 
 
زەهرە بەچاری باس لەوە دەکات، سەرەتا بڕیاربوو پارەکە بدرێتەوە وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام وەزارەتی دارایی رەتیکردەوە و رایگەیاند دەستەی گواستنەوە و گەیاندن، پەیوەندارە بە وەرگرتنەوەی پارەکە. بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە، نووسراو بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرا، ئەویش لە وەڵامدا داوای لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن کرد، پارەکە وەربگرێتەوە، بۆیە ئێستا دەستەکە سەرقاڵی گرتنەبەری رێکارە کارگێڕی و داراییەکانە بۆ ئەو کارە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا کۆڕەک هیچ پارەیەکی نەداوەتەوە.
 
22-10-2023، دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمەوە بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو "بەپشتبەستن بەو بڕیارانەی لە دادگە تایبەتمەندەکان دەرچوون، لەگەڵ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن و ئەو بڕە پارەی لەسەر کۆمپانیاکە هەیە و تاوەکو ئێستا نەدراوە، دەستەکە فەرمانی دا بە راگرتنی کڕین و مامەڵەکردنی سیمکارتی نوێی تایبەت بە کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم." دواى 10 رۆژ لەو راگەیاندنەش، پەیوەندییەکان لەنێوان کۆمپانیاکە و کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل راگیرا. 
 
بەپێی نووسراوێکی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، کە (چوارشەممە 1-11-2023) بە ژمارە 2/ر/1/160675، بەناونیشانی "پچڕانی پەیوەندیی نێوخۆیی"، ئاراستەی هەریەک لە کۆمپانیاکانی ئەسیر بۆ پەیوەندییەکان و ئاسیاسێڵی کرد، داوای کرد بەپێی فەرمانی ژمارە 65ـی ساڵی 2004ـی بەرکار و گرێبەستەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تۆڕی پەیوەندییەکانی نێوخۆیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بپچڕێنن.
 
کۆڕەك تیلیکۆم (Korek Telecom Company For Communication Ltd) یەکێکە لە كۆمپانياکانى خزمەتگوزاریی مۆبايل لەسەر ئاستى عێراق، کۆڕەک وەکو خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، لە ساڵی 2000ـەوە بەشێوەیەکی بەرچاو لە باکووری عێراقدا دەستی بە پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکانی کرد، کە پێشەنگترین کۆمپانیای گەیاندن بوو، لە 17ـی  ئابی2007 کوڕەك یەکێك بوو لەو سێ کۆمپانیایەی مۆڵەتی کارکردنی لە سەرانسەری عێراق پێدرا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی مۆبایل و، ئێستا خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش بە زیاتر لە 45 ملیۆن کەس لە سەرانسەری وڵات دەکات.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، رەجەب تەیب ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانی، وێنە: AA

راپۆرتی تایبەت؛ نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی تورکیا

لەکاتێکدا کار بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ تورکیا دەکرێت و پریشکی شەڕی غەززەش گەیشتووەتە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەردوو مژار و چەند پرسێکی دیکەی جێگەی بایەخی هەردوولایان لە ئەنقەرە تاوتوێکرد.