کۆمیسیۆن 34 پێشێلکارى لەماوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا تۆمارکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، 34 پێشێلکاریی لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کردووە، بەپێى یاسا، سزاى پێبژاردنیان لەنێوان 100 هەزار بۆ 50 ملیۆن دینارە.       
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەو پێشێلکارییانە لەلایەن تیمەکانى چاودێریى سەر بە کۆمیسیۆنەوە تۆمار کراون، بڕیارە بەم نزیکانە بڕیار لەبارەیانەوە بدرێ و وردەکارییەکەى بڵاوبکرێتەوە."
 
بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان لە 25ـی ئەیلوول دەستىپێکرد و لە 15ـی تشرینى یەکەم کۆتاییهات.    
 
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، سزاى پێبژاردنى پێشێلکارییەکانى بانگەشە لەنێوان 100 هەزار دینار بۆ 50 ملیۆن دینارە.
 
جومانە غەلاى گوتى "لە هەموو بازنەیەکى هەڵبژاردن، کۆمیسیۆن زیاتر لە پێنج لیژنەى چاودێرى هەیە کە لەسەر رێگە و شەقامەکان چاودێریى بانگەشەى هەڵبژاردن دەکات، لیژنەى دیکەش هەن چاودێریی کەناڵەکانى تەلەڤیزیۆن، رادیۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن."  
 
14 پارت و هاوپەیمانیێتى و 1191 بەربژێر رکابەرى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکەن، کە 20ـی تشرینى یەکەم دەکرێت.
 
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند؛ دەستەى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى عێراق لیژنەى تایبەتى هەیە، کە بە هاوئاهەنگى لەگەڵ کۆمیسیۆن بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکان دەکات.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە