رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێت پێش دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20ی ئەم مانگەیە، مووچەی مانگی 9 دابەش بکرێت. بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، خانەنشینانی سەربازی ئەو مووچەیەش لەسەر لیستی کۆن وەردەگرن.
تەممووزی ئەم ساڵ خانەنشینانی شارستانیی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بە هاوتاکراوی مووچەیان وەرگرت، بەڵام هاوتاکردنەکە تاوەکو ئەمڕۆ خانەنشینانی سەربازیی نەگرتووەتەوە.
عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "مووچەی مانگی 9ی خانەنشینانی سەربازی بەگوێرەی یاسا کۆنەکە دەبێت و هاوتا نەکراوە."
مووچەی مانگی 8ی خانەنشینان 4ی ئەم مانگە دابەشکرا. خانەنشینانی مەدەنی بەگوێرەی هاوتاکراوی وەریانگرتووە و سەربازییەکانیش بێ هاوتاکراوی.
عەزیز عەلی دەڵێت، لیستی مووچەی مانگی نۆیان بە هەردوو شێوازی هاوتاکراوی و هاوتانەکراوی رادەستی سەرووی خۆیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بڕیاری هاوتاکردنیان نەدراوە.
کێشەکان چین؟
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق رۆژی 22-11-2022 حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق ژمارە 9ی ساڵی 2014ـی پابەند کرد، بەڵام تاوەکو دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ جێبەجێ نەکرا.
بەگوێرەی یاسا نوێیەکەی عێراق، ئەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشین کراون، مووچەیان لە 200 هەزار تاوەکو 499 هەزار بێت، دەبێتە 500 هەزار و 100 هەزاری پشتیوانیش وەردەگرن و بەو جۆرە مووچەکە دەبێتە 600 هەزار دینار.
هەروەها ئەوانەی مووچەیان لە 600 بۆ 999 هەزار دینارە، 100 هەزاری پاڵپشتییان بۆ زیاد دەکرێت، ئەویش بەگوێرەی هاوتاکراوییەکە.
مووچەی کێ کەم دەکات؟
بەشێک لەو هاونیشتمانییانەی لە ساڵی 2014ـەوە خانەنشین بوون لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی حەفتا و هەشتان و چەند دەرماڵەیەکیان هەیە، لەوانە دەرماڵەی مەترسی، ژن و منداڵ، بڕوانامە. ئەو دەرماڵانە لە یاسای هاوتاکراوییدا نییە و تەنیا دەرماڵەی بڕوانامە هەیە.
ئەوانەی لە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینی زیانمەندن، پلە باڵاکانن و لە پلەی لیوا کەمتریان تێدا نییە.
خانەنشینانی سەربازی تاوەکو پلەی نەقیب لە پاڵپشتیی مووچەی هاوتاکراو سوودمەند دەبن. پلەی رائید، موقەدەم و عەمید مووچەکەیان گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
ئێستا لە هەرێمی کوردستان مووچەی خانەنشینیی پلەی نەقیب 999 هەزار دینارە و لە هاوتاکردندا 100 هەزاری پاڵپشتی دەچێتە سەر، بەڵام پلەی رائید خانەنشینییەکەی نزیکەی ملیۆنێک و 180 هەزار دینارە و تاوەکو عەمید زیاتر دەبێت و لە هاوتاکردن سوودمەند نابن.
بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2014ی خانەنشینانی یەکگرتوو، تەمەنی خانەنشینی دەبێتە 60 ساڵ. هەر فەرمانبەرێکیش تەمەنی گەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی هەبێت دەتوانێت ئارەزوومەندانە خانەنشین بێت، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بڕگەی تەمەن لە یاساکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراوە.
هەر بەگوێرەی یاساکە، لەکاتی خانەنشینی فەرمانبەر لە تەمەنی یاساییدا 12 مووچەی کاتی خزمەتی بەسەریەکەوە وەردەگرێت.
لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 160 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 70 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن.
21-07-2024، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی خانەنشینانیان بە هاوتاکراوی بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو رەوانەی بەغدا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ