رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکانیان لە سنووری کەرکووک، بەربەستی زۆر لەبەردەم بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، ئاماژە بەوەش دەکات، رێگری لە گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک بکرێت، بۆ هەموو عێراق خراپە.
رۆژی دووشەممە، 16-10-2023، کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەیام سەربەست، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەربەستی زۆر لەبەردەم بڕیاری محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکانیان لە کەرکووک هەیە.
کەمال کەرکووکی ئاماژەی بەوە کرد، دۆسیەکە خەریکە بەرەوپێش دەچێت و ئەگەر لێک تێگەیشتنەکە جێبەجێ بکرێت، پارتی بارەگاکانی وەردەگرێتەوە، گوتیشی، ''ئەوە پارتی نییە جێبەجێی ناکات، بەڵکو عێراقە [دۆسیەی رادەستکردنەوەی بارەگاکان]ـی پێ جێبەجێ ناکرێت.''
لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە پارتی لە کەرکووک نەماوە.
بەپێی بڕیاری دادگەی فیدراڵیی عێراق، پێویستە بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک رادەستی ئەو حیزبە بکرێنەوە، بەڵام ئەو بڕیارەش ناڕەزایی لێکەوتەوە و 27ـی ئابی ئەم ساڵ ژمارەیەک عەرەب، تورکمان و لایەنگری حەشدی شەعبی لەبەردەم بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، خێوەتیان هەڵدا و رێگەی کەرکووک هەولێریان داخست، ئەوان نەیاندەویست ئەو شوێنە کە پێشتر بارەگەی پارتی بوو، رادەستی ئەو پارتە کوردستانییە بکرێتەوە.
بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان لەوبارەوە گوتی، ''ئەوە ناڕەزایی نەبوو، بەڵکو پیلانێک بوو دروستیان کرد، تەنانەت ئەوانەی بەرژەوەندییان لەوەدا هەیە، [وەکو] پارێزگاری بەزۆر سەپێندراو، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان، هەندێک لایەنی میلیشیا و لایەنێکی دیکە کە نامەوێت ناویان بهێنم، پارەیان بە هەندێک کەس دا.''
بەگوتەی کەمال کەرکووکی، دانوستاندن بۆ وەرگرتنەوەی بارەگاکانیان بەردەوامە و''نوێنەرانمان لەگەڵیان لەسەر هێڵن.''
کارنامەى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى لە 28ـی تشرینى یەکەمى 2022، دەنگى لەسەر درا. یەکێک لە خاڵەکانى (خاڵی 13) ئەوەیە کە ماف بدرێتەوە پارتە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ ئەنجامدانى چالاکیى سیاسی لە نەینەوا، کەرکووک، دیالە و سەلاحەدین و دەبێت بارەگاکانیان چۆڵ بکرێن.
هەر ئەمڕۆ دووشەممە کەمال کەرکووکی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ''ئاڵۆزییەکانی کەرکووک بەردەوام نابن و ئێستا هەوڵ دەدەین لە رێگەی یاسا، دەستوور، دیالۆگ و ئاشتییەوە دۆخی کەرکووک باشتر بکەین.''
کەمال کەرکووکی هۆشداری دەدات، ''ئەگەر رێگری لە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کەرکووک بکرێت، ئەوە بۆ گشت عێراق و سەقامگیریی ناوچەکەش خراپە.''
وەک کەمال کەرکووکی دەڵێت، ''ئامانجی ئێمە لە کەرکووکدا پێکەوە ژیانێکی ئاشتییانە و بنبڕکردنی ئەو ئەجێندایەیە کە هەوڵ دەدات لە نێوان کورد و لایەنەکانی دیکە لێکترازان دروست بکات.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ