بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی بەردی بناخەی بەنداوی دوین لە هەولێر دانرا

16-09-2024
پەیمان محەممەد
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی بەنداوی دوین لە هەولێر
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی بەنداوی دوین لە هەولێر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەردی بناخەی بەنداوی دوین لە سنووری پارێزگای هەولێر دانرا، سەرۆکی حکومەت دەڵێت، "گلدانەوەی ئاوی باران و کانیاوەکانمان لە سەرەکیترین رێکارەکانمانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 16-09-2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی بەنداوی دوین لە هەولێر رایگەیاند، "ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پڕۆژەکە پێداچوونەوەی بۆ کراوە، بە جۆرێک کە هەم کاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژووییەکانی دەڤەرەکە نەبێت و هەم بە رێژەیەکی زیاتر ئاو گلبداتەوە."
 
بەنداوەکە دەکەوێتە سنووری قەزای پیرمام و نزیک قەڵای دێرینی دوین، مەسرور بازرانی گوتی، "داوام کردووە هەرچی زووتر وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکە رێکاری پێویست بگرنەبەر، بۆئەوەی هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی لە دەوروبەری شەقڵاوە دەڕژێنە سەر رووبارەکە، بپاڵێورێن و هیچ ئاوەڕۆیەک نەخرێتە سەر ئاوی ئەم بەنداوە."
 
بە دروستکردنی بەنداوەکە بەشێک لە زەویی جووتیاران ژێرئاو دەکەون. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، "بڕیارمان داوە قەرەبووی ئەو برا جووتیارانەمان بکرێتەوە کە بەشێک لە زەوییەكانیان دەكەونە ژێر ئاو، یانیش دەبنە محەرەماتی بەنداوەكە."
 
وەکو مەسرور بارزانی ئاماژەی پێدا، لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردراون بەپێی رێنوێنییە شوێنەوارییەکان قەڵای مێژوویی دوین و چەندین شوێنەواری دیکەی دەڤەرەکە، نۆژەن بکرێنەوە و رێگە لە داڕووخانی زیاتریان بگیرێت.
 
بەنداوەکە بە گوژمەی 88 ملیار دینار لەلایەن کۆمپانیای سێنک دروست دەکرێت و توانای گلدانەوەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی دەبێت. سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "بە تەواوبوونی ئەم بەنداوە و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان، ئەم دەڤەرە لەڕووی سرووشتی و شوێنەوارییەوە، دەبێتە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی گەشتیاری."
 
سەرەڕای گلدانەوەی ئاو و راکێشانی سەرنجی گەشتیاران، وەکو مەسرور بارزانی دەڵێت، بەنداوەکە لەڕووی کشتوکاڵی و سامانی ماسیشەوە سوودی دەبێت.
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "گلدانەوەی ئاوی باران و کانیاوەکانمان لە سەرەکیترین رێکارەکانمانن بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و لێکەوتەکانی وشکەساڵی."
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "تەنیا لە کابینەی نۆیەمدا 10 بەنداو دروستکراون و کۆتایی ئەم ساڵ کۆی گشتیی گلدانەوەی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 10 ملیار و 122 ملیۆن مەتر سێجا کە دەستکەوتێکی گرنگ و ستراتیژییە."
 
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەت:
 
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
 
ئامادەبووانی بەڕێز
 
ئەمڕۆ لەم پێگە مێژووییە لە تەنیشت قەڵای دوین، شوێنەواری مێژوویيی سەركردەی كورد سەڵاحەدینی ئەیوبی كۆبووینەتەوە، بۆ ئەوەی هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی بۆ ئەم دەڤەرە بنێین و بەردی بناغەی بەنداوی دوین دابنێین.
 
ئەم شوێنە زۆر گونجاوە بۆ گلدانەوەی ئاو و دیزاینی پرۆژەكە پێداچوونەوەی بۆ كراوە، بە جۆرێك كە هەم كاریگەری لەسەر شوێنەوارە مێژووییەكانی ئەم دەڤەرە نەبێت، هەمیش بە ڕێژەیەكی زیاتر ئاو گل بداتەوە.
 
داوام كردووە هەرچی زووتریش وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی تر، ڕێكاری پێویست بگرنە بەر، بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی لە دەوروبەری شەقڵاوە دێنە سەر ئەم ڕووبارە، بپاڵێورێن و هیچ ئاوەڕۆیەك نەخرێتە سەر ئاوی ئەم بەنداوە. هەروەها لایەنە پەیوەندیدارەكانمان ڕاسپارد كە بەپێی ڕێنمایی و ڕێكارە شوێنەوارییەكان، قەڵای مێژوویيی دوین و چەندین شوێنەواری دیكەی ئەم دەڤەرە نۆژەن بكرێنەوە و ڕێگە لە داڕووخانی زیاتریان بگیرێت.
 
هەروەك دەزانن ئەم سنوورە زۆر زۆر دەوڵەمەندە بە چەندین شوێنەواری مێژوویی لە چەندین سەردەمی جیاواز. بڕیارمان داوە كە قەرەبووی گونجاوی ئەو برا جووتیارانەمان بكرێته‌وه‌ كە بەشێك لە زەوییەكانیان دەكەونە ژێر ئاو، یانیش دەبنە محەرەماتی بەنداوەكە.
 
بەڕێزان:
 
بە تەواوبوونی ئەم بەنداوە و بە نۆژەنكردنەوە و گرنگیپێدانی ئاسەوارە مێژووییەكان، ئەم دەڤەرە دەبێت بە یەكێك لە گرنگترین ناوەندەكانی گەشتیاری لە ڕووی سروشتی و شوێنەواری. هەروەها ئەم بەنداوە لە ڕووی كشتوكاڵی و سامانی ماسی و بەرزكردنەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی كاریگەریی زۆری دەبێت.
 
جێبەجێكردنی ئەم پرۆژەیە بە كۆمپانیایەكی خۆماڵی ڕاسپێردراوە، كە ئەزموونی باشی لە بواری دروستكردنی بەنداو بەدەست هێناوە، ئەو توانا ناوخۆییانەش جێبەجێكردنی پلان و بەرنامەكانمان ئاسانتر دەكات و هەموو جۆرە ئاسانكاری و هاوكارییەكیش بۆ ئەم جۆرە كۆمپانیا ناوخۆییانە دەخەینە بەردەست تاوەكوو ئەزموونی خۆیان دەوڵەمەندتر بكەن و كوالێتیی كارەكانیان بەرزتر بكەن.
 
لێرە جێی خۆیەتی كە دەستخۆشی لە كۆمپانیای (سەنك) و كاك عەبدوڵا بكەم، بۆ هەموو ئەو هەوڵانەی كە داویانە لە تەواوكردنی بەنداوی گۆمەسپان، هیوادارم لە ماوەیەكی زوودا بتوانن بەنداوی (دوین)یش دروست بكەن و بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان.
 
ئەو پلانە ستراتیژییەی ئێمە كە لە بواری ئاو گرتوومانەتە بەر، بۆ ئێستا و داهاتووی وڵاتمان كاریگەریی زۆری هەیە. گلدانەوەی ئاوی باران و كانیاوەكانمان، لە سەرەكیترین ڕێكارەكانمانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا و لێكەوتەكانی وشكەساڵی. ئێمە لە پلانەكانمان بەردەوام دەبین و داواشمان لە هاووڵاتیيانی خۆشەویست ئەوەیە كە پاك و خاوێنیی ژینگەكەمان بپارێزن و هاوكارمان بن، بۆ ئەوەی ئەم سروشتە جوانەی هەرێمی كوردستان بپارێزن و بیكەن بە شوێنێك كە گەشتیاران لە هەموو جیهان بەرەو كوردستان ڕابكێشن.
 
ئاو ئاوەدانییە، ئاوەدانكردن و گەشەسەندنی زیاتری كوردستانیش، بەرنامەی ئێستا و داهاتووی ئێمەیە. جارێكی دیكە سوپاس بۆ ئەم پرۆژانە، لە هەموو هاووڵاتیيانی كوردستان پیرۆز بێت، ئێوە هەر ساخ و سەلامەت و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە