رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە ئاکرێیە و لەگەڵ بەرپرسە حیزبی و حکومییەکانی ناوچەکە کۆبووەوە. میدیای فەرمیی پارتی دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی "سەرکەوتنی هەڵبژاردنی بە سەرکەوتنی هەرێی کوردستان لە قەڵەمدا."
ئەمڕۆ دووشەمە 16-09-2024 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای دهۆک و بەگشتی دەڤەری بادینان، گەیشتە ئاکرێ و لەگەڵ کادر و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش کۆبووەوە.
بەپێی میدیای فەرمیی پارتی، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی حیزبەکە وێڕای تاوتوێکردنی کار و ئەرکەکانی پارتی و رێکخستنەکانی لە سنووری ئاکرێ و بەردەڕەش و دەوروبەریان، باس لە ئامادەکارییەکان بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر چالاکییەکانی کادیران و رێکخستنەکانی پارتی بۆ سەرخستنی ھەڵبژاردن.
نێچیرڤان بارزانی، وەکو میدیای فەرمیی پارتی ئاماژەی پێداوە، وێڕای باسکردنی کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و رۆڵ و ئامادەیی و پێگەی ناوچەکە لە شۆڕش و بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستاندا، جەختی لە بەڕێوەچوونی ھەڵمەتێکی هەڵبژاردنی مەدەنیی ھێمن و ئارام کردەوە، ھەروەھا باسی لە گرنگیی دەنگدان کردووە و "سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی بە سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان لە قەڵەم دا."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە دۆخی ئەو دەڤەرە خراونەتە بەر باس.
حەیدەر دۆسکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، نێچیرڤان بارزانی کاژێر 11:00ی ئەمڕۆ گەیشتە بارەگای لقی 9ی پارتی لە ئاکرێ و لەگەڵ بەرپرسە حیزبییەکان کۆبووەوە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، نێچیرڤان بارزانی لە هۆڵی کۆنفرانسەکانی شاری ئاکرێ، لەگەڵ بەرپرس و ئەندامانی پارتی لە ناوچەکە کۆبووەوە.
هەر لە سەردانەکەیدا، بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی سەر بە قەزای ئاکرێ، لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە کارگێڕیی ناوچەکە کۆببێتەوە.
ئەمڕۆ سێیەم رۆژی سەردانی نێچیرڤان بارزانییە بۆ سنووری پارێزگای دهۆک، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بەگشتی دەڤەری بادینان.
رۆژی یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی سەردانەکەیدا، چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ پارێزگار و کارگێڕیی دهۆک ئەنجام دا، هەروەها کاتی پێشکێشکردنی شانۆگەریی 'داستانی کوردستان' لە هۆڵی کۆنفرانسی زانکۆی دهۆک ئامادە بوو.
دوێنێ یەکشەممەش نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی حکومیی زاخۆ و بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنوورەکە کۆبووەوە؛ هەروەها ئێوارەی هەمان رۆژ، لەگەڵ کادرانی لقی 8ـی پارتی لە زاخۆ و بەرپرس و ئەندامانی رێکخستنی پارتی لە نەینەوا، بەرپرسانی لق و ناوچەی 14ـی موسڵ، 17ـی شنگال، زوممار و رۆژئاوای دیجلە و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەسەر پشکی پارتی و جێگری یەکەم و یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا چەندین کۆبوونەوەی ئەنجام دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ