پارێزگاری هەولێر: نزیکەی 100 هەزار گەشتیار لە بازگەی شێراوەوە هاتوونەتە پارێزگاکەمان

16-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێوارەی دوێنێ شەممە، نزیکەی 100 هەزار گەشتیار تەنیا لە رێگەی بازگەی شێراوەوە گەیشتوونەتە پارێزگاکە. گوتیشی، "رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە پابەندی رێنوێنییەکانی سەربڕینی ئاژەڵ نابن."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-06-2024 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە یەکەم رۆژی جەژندا، سەردانی سەربڕخانەی هاوچەرخی هەولێری کرد و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دەرگەی سەربڕخانە لە رۆژانی جەژندا، لە کاژێر 06:00ـەوە بۆ 18:00 (12 کاژێر) کراوە دەبێت.
 
ئومێد خۆشناو داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە رۆژانی جەژندا، ئاژەڵ لە سەربڕخانەکان سەرببڕن، "چونکە جیا لە پاراستنی بواری تەندروستی و رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان، رێگری لە بەکارهێنانی زێدەڕۆیی ئاویش دەکرێت، کە ئەگەر پرۆسەکە لە سەربڕخانە بەڕێوەنەچێت، بۆ خاوێنکردنەوەی کۆڵان و شەقامەکان پێویست بە ئاوێکی زۆر دەکات."
 
بەپێی رێنوێنییەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڤێتێرنەری، پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی گۆشتی تەندروست و رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، سەربڕینی ئاژەڵ تەنیا لە سەربڕخانەکان بێت. پارێزگاری هەولێر گوتی، "هەر کەسێک لەسەر شەقام و لەو شوێنانەی دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، قوربانی بکات، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر."
 
ساڵانە لە بۆنەکاندا گەشتیاری زۆر سەردانی هەولێر دەکەن، ئومێد خۆشناو گوتی، "تاوەکو ئێوارەی دوێنێ شەممە، 90 هەزار بۆ 100 هەزار گەشتیار تەنیا لە بازگەی شێراوەوە [کەرکووک - هەولێر] گەیشتوونەتە هەولێر، ئەمەش جیا لە بازگەی خازر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە."
 
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023 حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکاریش وەکو گەشتیاری نێوخۆیی تۆمار کراون.
 
 
هاوکات لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانیی سەبارەت بە چالاکیی رێکخراوەکە بۆ جەژنی قوربان گوتی، "80 جوانەگامان [بۆ سەربڕین] لە سەرجەم پارێزگاکانی کوردستان لە کەرکووکەوە تاوەکو هەڵەبجە دابینکردووە."
 
موسا ئەحمەد گوتیشی، "ئەم ساڵ چالاکییەکانی ئێمە بۆ جەژن، لە حەوت ملیار دینار تێپەڕیوە کە 15 هەزار و 245 منداڵ سوودمەند بوون لە پڕۆژەی منداڵانی ئازیز، چوار ملیۆن و 575 هەزار دۆلار هاوکاریی کاش بەسەر زیاتر لە 600 خێزان دابەشکراوە، بە بەهای 130 هەزار دۆلار جلوبەرگی منداڵان بۆ 569 منداڵ دابینکراوە و هەروەها سەلەی خۆراک دراوەتە 500 خێزان."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 پێشانگەی گوڵ و باخچە. وێنەکە کۆنە و پێشانگەی پارە

لە هەولێر چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە بە بەشداریی 30 کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت

بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە لە هەولێر دەکرێتەوە، کە زیاتر لە 30 کۆمپانیا، نەمامگە و فەرمانگەی حکومی تێیدا بەشدار دەبن، درەخت و گوڵی جیاواز نمایش دەکرێت و هەندێکیان نرخیان دەگاتە 10 هەزار دۆلار.