رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمیتەی بەهاناوەچوونی پارێزگای ئیلام دەڵێت، پێشبینی دەکرێت بۆ جەژن، 1000 سەر ئاژەڵ لە پارێزگاکە بکرێنە قوربانی، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیکردووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-06-2024 لە هەندێک لە وڵاتانی ئیسلامی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە، بەڵام بە فەرمی لە ئێران سبەی وەکو یەکەم رۆژ راگەیێندراوە. ناسر مورادی پوویانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمیتەی بەهاناوەچوون (ئیمداد) لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، مەزەندە دەکرێت ئەم ساڵ لە رۆژانی جەژندا 1000 سەر ئاژەڵ بکرێنە قوربانی و گۆشتەکەیان بەسەر خەڵکدا دابەش بکرێت.
ناسر مورادی گوتیشی، دابەشکردنی گۆشتی قوربانی بەسەر خێزانە هەژارەکاندا، بە مەبەستی دابینکردنی بەشێک لە پێداویستیی گۆشتی سووری هاووڵاتییانە کە بە هاوکاریی رێکخراوە خێرخوازییەکان و خەڵکانی دەستڕۆیشتوو دەکرێت.
بەڕێوەبەری کۆمیتەی بەهاناوەچوونی ئیلام ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی رابردوو نزیکەی 950 سەر ئاژەڵ لە جەژنی قورباندا سەر بڕاون، کە سەرجەمی بەسەر خێزانە هەژارەکاندا دابەشکراوە.
بە گوتەی یونس ئەحمەدی، بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەریی پارێزگای ئیلام، بۆ رۆژانی جەژن، 39 تیمی چاودێریی سەربڕینی ئاژەڵ لە سنووری پارێزگاکە پێکهێنراون کە 20ـیان گەڕۆکن؛ ئەم تیمانە پێکهاتوون لە 12 پزیشکی ڤێتێرنەری، 41 چاودێری تەندروستیی گۆشت و 12 مامۆستای ئایینی.
جەژنی قوربان کە تایبەتە بە موسڵمانان، ساڵانە لە 10ـی زیلحەجەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 13ـی زیلحەجە بەردەوام دەبێت؛ لە رۆژانی جەژندا موسڵمانانی جیهان ئاژەڵ دەکەنە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ