وەزیری ئەوقاف: هەوڵی جدیمان داوە رێگری لەو کەسانە نەکرێت بە ڤیزەی گەشتیاری حەج دەکەن

16-06-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ژمارەی ئەوانەی بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە، نزیکەی 7000 کەس دەبن، گوتیشی، "هەوڵمان داوە رێگری لە حەجکردنیان نەکرێت، بەڵام سعودیە رەزامەندیی دەرنەبڕیوە."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 16-06-2024 پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکەم رۆژی جەژندا لە یەکێک لە مزگەوتەکانی هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی حەجکردن بە ڤیزەی گەشتیاری رایگەیاند، "ئێمە وەکو حکومەت لە رێگەی نووسراوی فەرمی هەوڵی جدیمان داوە بۆ ئەوەی ئەو خوشک و برایانەی لە کوردستانەوە بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە، بتوانن حەج بکەن."
 
پشتیوان سادق گوتی، دوای هەوڵەکانیان حکومەتی سعودیە رایگەیاندووە، "سەدان هەزار خەڵک بە ڤیزەی گەشتیاری هاتوون و ئەوان ناتوانن تەنیا چەند هەزار کەسێکی کوردستان بۆ رێوڕەسمەکە [حەجکردن] جیابکەنەوە."
 

 

 
لە هەرێمی کوردستان ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. جیا لەو ژمارەیە، ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە.
 
وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "رەنگە ئەم ژمارانە زۆر دروست نەبن، بەڵام پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەوانەی بە ڤیزەی گەشتیاری چوونەتە سعودیە، 5000 بۆ 7000 کەس بن."
 
ساڵانە حاجیان لەکاتی بەڕێکەوتنیان بەرەو کێوی عەرەفە، تووشی رووداوی نەخوازراو دەبن، حەجی ئەم ساڵیش بەدەر نەبوو لە قوربانی. بەپێی بەدواداچوونەکانی رووداو، پێنج حاجیی کورد، کە چواریان هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستانن و یەکێکیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە، لە کێوی عەرەفە گیانیان لەدەستداوە. پشتیوان سادق دەڵێت، "ئێمە وەکو وەزارەت هەموو ئاسانکارییەک بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو حاجیانە دەکەین، کە لەکاتی حەجکردندا گیان لەدەستدەدەن."
 
وەزیری ئەوقاف گوتیشی، زۆربەی ئەو حاجیانەی لە سعودیە لە کاتی حەجکردندا گیان لەدەستدەدەن، لەسەر داوای پێشووی خۆیان یان کەسوکاریان، تەرمەکانیان هەر لەوێ بە خاک دەسپێردرێت و ناگەڕێندرێتەوە هەرێمی کوردستان.
 
بەجێهێنانی فەریزەی حەج، یەکێکە لە پێنج پایەکانی ئیسلام، لەدوای شایەتومان، نوێژکردن، زەکات و رۆژووگرتن. موسڵمانانیش ساڵانە لە سەرتاسەری جیهان و نێوخۆی سعودیەش، لە شاری مەککەی پیرۆزەوە دەست بە بەجێهێنانی فەریزەکە دەکەن.
 
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمان
 
رۆژی 10ی ئەم مانگە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام بەهۆی تێبینیی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەندێک لە پێکهاتەکانەوە، هەڵبژاردنەکە نەکرا و ئێستا کۆمیسیۆن چاوەڕوانی مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ دیاریکردنی کاتێکی نوێ.
 
پشتیوان سادق، کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتییە، گوتی، "بابەتەکە پەیوەندیی بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەیە و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خەریکە بۆ ئەوەی [لەگەڵ لایەنەکان] هاوئاهەنگی و گفتوگۆ بکات، بۆ دیاریکردنی رۆژێک."
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتیشی، "بەشێک لە تێبینییەکانمان جێبەجێکراون و هیوادارین ئەوانەی دیکەش جێبەجێ بکرێن، پارتی داوای کردووە هەڵبژاردنەکە شەفافانە، بە یەکسانی و ئازادییەوە بکرێت."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رۆژی 5ی ئەیلوولی 2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێشنیاز کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا مەرسومی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئەم بابەتە دەرنەچووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە