prev
next
رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری حەمەعەلی عەینە قسەکانی جەلال دەباغ رەتدەکەنەوە کە لە بەرنامەی پەنجەمۆری رووداودا گوتی ''100 دیناری پێدرابوو من بکوژێت'' و، دەڵێن: ''هەموو جۆرە قسەیەکی ناڕاست بەرامبەر شەهید حەمەعەلی، رەتدەکەینەوە.''
24ـی ئایاری 2024، لە بەرنامەی پەنجەمۆری تۆڕی میدیایی رووداو، جەلال دەباغ، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی شیوعی عێراقی باسی لە هەوڵێکی تیرۆرکردنی خۆی کرد، گوایە لەلایەن سێ کەسەوە هێرشی کراوەتە سەر و بە سێ یان چوار خەنجەر لێی دراوە.
بەگوتەی جەلال دەباغ، یەکێک لەوانەی هێرشی کردووەتەوە سەر، حەمە عەلی عەینەی قەساب، پێشمەرگە (یان لایەنگری) پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و دەڵێت، ''مەحموودی حاجی تۆفیقی حەمە مینە گولە کە پێشتر پارتی بوو و دواتر بووە یەکێتی، 100 دیناری دابوو بە حەمەعەلی عەینە، بۆ ئەوەی من بکوژێت.''
کەسوکاری حەمەعەلی عەینە لە وەڵامی قسەکانی جەلال دەباغدا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە ''شەهید حەمەعەلی عەینە، کەسایەتییەکی بەنێوبانگ لە ئازایەتی و پیاوێکی بەغیرەت بووە، پێشمەرگەی ئەیلوول بووە، چەند جار لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراق زیندانی کراوە، لەساڵی 1962 لە شەڕێکی گەورەدا، بەسەرۆکایەتیی زەعیم سدیقی خوێنڕێژ لە گوندی کانی گۆمەوە شەهید دەکرێت.''
ئەوە لەکاتێکدایە جەلال دەباغ لە قسەکانیدا دەڵێ: ''لە دادگە دەرکەوت حەمەعەلی عەینە لە ئەمنی عێراقیدا بوو، ساڵ و نیوێکیان حوکم دا، من گوتم وازی لێ ناهێنم، یان دەمکوژێت یان دەیکوژم. خەڵکێکی زۆری ناردبوو بۆ ئەوەی لێی ببوورم، بەڵام گوتم بە هیچ جۆرێک شتی وا نییە، لێی نابوورم.''
جگە لە حەمەعەلی عەینە، لە راگەیێندراوەکەدا باسی دوو برای دیکەی دەکرێت بە ناوەکانی رەحیمی عەینەی قەساب و ئەحمەدی عەینەی قەساب کە گوایە هەردووکیان لەلایەن رژێمی رووخێنراوی بەعسەوە ''شەهید'' کراون و پێشمەرگە و لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.
کەسوکارەی ئەو سێ برایە دەڵێن ''کەسانێک چاویان بەو خەباتە هەڵنایەت کە بەوپەڕی شانازییەوە لە رێگەی خەباتی کوردایەتی سەربەرزانە دژی دوژمنی گەلی کورد وەستاونەتەوە. بۆیە هەموو جۆرە قسەیەکی ناڕاست، بەرامبەر بەو شەهیدانە لەلایەن ئێمەی بنەماڵەکەیانەوە، جێگەی قبوڵکردن نییە''.
دەقی روونکردنەوەکەی بنەماڵە حەمەعەلی عەینە و براکانی
دوای ئەوەی لە بەرنامەی (پەنجەمۆر) لە کەناڵی رووداو کەسێک بەناوی (جلال دەباغ) داخ لەدڵانە بەرامبەر بەو شەهیدانە و هاوڕێکانیان کە لە ژیاندا نەماون، چەندین قسەی ناڕاستی لەسەر گیانی پاکیان کردووە کە بووە هۆی مایەی هەڵوێستەکردنی ئێمە وەک بنەماڵەی شەهیدان.
هەر بۆیە لەم روونکردنەوەیەدا چەند راستییەک کە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵکانی بەشەرەفی سلێمانی ئاگاداری مێژووی پاکی و خەباتی شەهیدان دەزانن. بەهەمووانی رادەگەیەنین شەهید حەمەعەلی عەینە کەسایەتییەکی بەناوبانگ بە ئازایەتی و پیاوێکی بەغیرەت بووە، پێشمەرگەی ئەیلوول بووە، لێپرسراوی چالاکیی نێو شار بووە. لە ساڵی 1936 لە سلێمانی لەدایکبووە، چەندین جار لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراق دەستگیر کراوە و زیندانیکراوە. لە ساڵی 1962 لە شەڕێکی گەورەدا بە سەرۆکایەتی زەعیم سدیقیی خوێنڕێژ لە لای دێی کانی گۆمەوە شەهید دەکرێت.
شەهید رەحیمی عەینەی قەساب ساڵی 1940 لە سلێمانی لەدایکبووە کوڕێکی ئازا و بەجەرگ بووە. هەر لەلاوێتییەوە خولیای کوردایەتی بووە، بووەتە پێشمەرگەی نێو شار. زۆر چالاک بووە، بەداخەوە لە مەنع تەجەولەکەی 9ـی حوزەیران 1963 وێنەیەکی بارزانی و خۆی و چەند هاوڕێیەکی پێدەگیرێت، پێی دەڵێن ئەگەر تفێک لە وێنەی بارزانی بکەیت ئێمە ئازادت دەکەین، ئەویش لەجیاتی ئەوە تفێک لە زەعیم سدیقی خوێنڕێژ دەکات، هەر لەوێدا رەمی دەکەن لە حامیەی سلێمانی.
شەهید ئەحمەدی حوسێن رەزا ناسراوە بە ئەحمەدی عەینەی قەساب ساڵی 1947 لە گەڕەکی سەرشەقام لەدایکبووە. برای هەردوو شەهید حەمەعەلی عەینە و رەحیمی عەینەیە. دووکانی قەسابیی هەبووە لە گەڕەکی چوارباخ، خولیای تۆپی پێ بووە سەرۆکی تیپی مەریوان بووە هەروەها یاریزانی هەڵبژاردەی سلێمانی بووە. خولیای کوردایەتی بووە. لەدوای شەهیدبوونی براکانی رژێمی ئەوکاتەی عێراق بەدوای برا و کەسی دیکەیدا دەگەڕێن، لەبەرئەوە دەیشارنەوە، لەبەر بژێویی ژیانی خێزانەکەی دەست دەکات بەکار و کاسبی، هەتا ساڵی 1974 دەبێتە پێشمەرگە و دەبێتە سەرلق لە هێزی خوا لێی خۆش بێت فەتاح ئاغا. دوایی دەبێتە بەرپرسی گومرگی باشماخ هەتا ساڵی 1978 لەبەر دایک و باوکی و ماڵ و منداڵی دەگەڕێتەوە سلێمانی. چەند جارێک لەلایەن حیزبی بەعسەوە گیراوە. ساڵی 1991 بووەتە بەرپرسی گومرگی پێنجوێن هەتا ساڵی 1992. دوایی هاتووەتەوە شاری سلێمانی و بووەتە ئامر فەوج لەگەڵ کاک دەروێش ئاغا. لەساڵی 1993 بۆسەیەکیان بۆ دانا و شەهیدیان کرد، لەبەرئەوەی پارتی بوو.
ئەمە تەواوی مێژووی ئەو قارەمانانەیە کە کەسانێک چاویان بەو خەباتە هەڵنایەت و بەوپەڕی شانازییەوە لە رێگەی خەباتی کوردایەتی سەربەرزانە دژی دوژمنی گەلی کورد وەستاونەتەوە لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، هەموو جۆرە قسەیەکی ناڕاست بەرامبەر بەو شەهیدانە جێگەی قبوڵکردن نییە لەلایەن بنەماڵەکەمانەوە.
تەواوی بەرنامەکەی پەنجەمۆر لەگەڵ جەلال دەباغ:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ