لە نامەیەکی ئینستاگرامەوە بۆ ئامێزی یەکدی؛ کۆتاییهاتنی 70 ساڵ دابڕانی دایک و کچێک

17-04-2025
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
کاتی بەیەکشادبوونەوەی دایک و کچەکە
کاتی بەیەکشادبوونەوەی دایک و کچەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاش 70 ساڵ دابڕان، شازەمانی 98 ساڵ و کچە تەمەن 75 ساڵانەکەی لەنێوان رۆژهەڵات و باشووری کوردستان چاویان بە یەکدی کەوتەوە. ئەم دابڕانە، بە یەکێک لە درێژترین دابڕانەکانی کەسوکار لە مێژوودا دادەنرێت.
 
چیرۆکی شادبوونەوەی ئەو دایک و کچە لە ئەکاونتێکی ئینستاگرام بە ناوی "گوندی سیناوە" دەستی پێکرد. ئاغا سیناوەیی و نەوەیەکی پوورە حەلیمە دوو کارەکتەری سەرەکیی کۆتاییهاتنی ئەم دابڕانە دوورودرێژە بوون.
 
ئاغا سێناوەیی، خزمی حەلیمە سەید خدر بە رووداوی گوت: "کاژێر 12:00ـی شەو بوو نامەیەکم لە ئینستاگرام بۆ هات و پرسیاری کرد، من نەمزانی ئەوە نەوەی ئەو ژنەیە و کچیشە. پێمگوت دەتوانم قسەت لەگەڵ بکەم. گوتی ئێستا لە دەوامم و بەیانی پەیوەندیت پێوەدەکەم. بۆ بەیانی پەیوەندی کرد و پوورە حەلیمە بۆخۆی بە کامێرا قسەی کرد. دوای ئەوە چووینە سۆران بۆ ماڵی پوورە سەبیحەی خوشکی، لەوێ گوتم حەلیمەخان هەیە، گوتیان نا مردووە، گوتم نا هەیە و ماوە."
 
ئێستا کەسوکارەکەی لەوپەڕی گەرموگوڕیدان بۆ دانانەوەی بناخەی پەیوەندیی پچڕاو و گەڕانەوەی پوورە حەلیمە بۆ زێدی باب و باپیران. دایک و خوشکەکانی بە پیری لەدایکبوونەوەیەکی نوێ دەچن.
 
سەبیحە سەید خدر، خوشکی پوورە حەلیمە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە گوتی، "لە هەردوولامان وایە تازە لەدایکبووینە. من برایەکانم لەبیربوو، بەڵام حەلیمەم لەبیرنەبوو، زۆر نەدەهاتەوە یادم. دەیانگوت نەماوە و مردووە."
 
چیرۆکی دابڕان: لە هەولێرەوە بەرەو مەهاباد
 
حەلیمە خەڵکی گوندی سێناوەی سەر بە قەزای خەلیفانی پارێزگای هەولێرە. بە منداڵی باوکی لەدەستداوە و دایکی شووی کردووەتەوە. حەوت ساڵ لەگەڵ براکەی لە رواندز ژیاوە و لەوێ دەبێتە ئەوینداری گەنجێکی مهابادی. بێ رەزامەندیی کەسوکاری شووی پێدەکات و پێکەوە دەڕۆنە مهاباد. لەو کاتەوە هیچ ئاگایان لە یەکدی نامێنێت.
 
دوای 62 ساڵ ژیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی نەبوونی وڵاتینامەی عێراقی، حکومەتی ئێران وڵاتینامەی ئێرانیشی پێنەداوە، بەڵام لە تۆماری خێزانی ناوی هەیە.
 
داوای گەڕانەوە بۆ نیشتمان
 
مستەفا محەممەد، خوشکەزای پوورە حەلیمە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات: هاوکارییەکی جدیمان بکەن، دوای 62 ساڵ پوورەکەم حەزدەکات بێتەوە و تەمەنێکی زۆری نەماوە. بۆیە داوادەکەم بەڵگەیەک، ناسنامەیەک، شتێکی پێبدرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بگەڕێتەوە و هاتووچۆ بکات."
 
بەپێی توێژینەوەکان، لێکبوونی شازەمان و حەلیمە، بە یەکێک لە درێژترین چیرۆکەکانی دابڕانی نێوان دایک و کچ دادەندرێت، کە تاوەکو ئێستا لە مێژوودا تۆمار کرابێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 پێشانگەی گوڵ و باخچە. وێنەکە کۆنە و پێشانگەی پارە

لە هەولێر چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە بە بەشداریی 30 کۆمپانیا بەڕێوەدەچێت

بەرپرسی راگەیاندنی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر دەڵێت، چوارەمین پێشانگەی گوڵ و باخچە لە هەولێر دەکرێتەوە، کە زیاتر لە 30 کۆمپانیا، نەمامگە و فەرمانگەی حکومی تێیدا بەشدار دەبن، درەخت و گوڵی جیاواز نمایش دەکرێت و هەندێکیان نرخیان دەگاتە 10 هەزار دۆلار.