رووداو دیجیتاڵ
بەفربارین لە ملەی تەتە، رێگەی نێوان شارەکانی پاوە و مەریوانی لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان داخست. بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی پاوە دەڵێت، بەهۆی بەردەوامیی بەفر و تەمومژەوە، تاوەکو کاتێکی نادیار هاتووچۆ لەو رێگەیە قەدەخەیە.
رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، محەممەد فەلاح، بەڕێوەبەری رێگەوبانی پاوە رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامیی بەفربارین لە ملەی تەتە کە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی پاوە-مەریوان، ئەم رێگەیە لە ئێوارەی سێشەممەوە لەسەر هاتۆچوو داخراوە.
محەممەد فەلاح گوتی، بەهۆی نەبوونی سەلامەتیی رێگەوبان، لەوانە تەم و مژێکی زۆر، نەبوونی مەودای بینینی پێویست، هەروەها بەردەوامبوونی بارینی بەفر، بڕیاریان داوە رێگەکە تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە دابخرێت.
بەڕێوەبەری رێگەوبانی پاوە داوا لە خەڵکی ناوچەکەش دەکات، رێگەی سەوڵاوا-هەجیج - هەورامان - ژاڵانە وەکو رێگەی جێگرەوە بەکاربێنن.
بە گوتەی محەممەد فەلاح، دووبارە کردنەوەی ملەی تەتە و رێگەی نێوان پاوە-مەریوان بەندە بە باشتربوونی بارودۆخی کەشوهەوا و دڵنیابوون لە سەلامەتی رێگەکە.
ملەی تەتە پارێزگاکانی سنە و کرماشان پێکەوە دەبەستێتەوە و لەنێوان شارەکانی پاوە و سەوڵاوا هەڵکەوتووە و ساڵانە بەفری زۆری لێ دەبارێت. بەهۆی بارینی بەفری زۆر و سەختیی ناوچەکە، هەروەها مەترسیی رەنوەبەفر، رێگەکە هەموو ساڵێک لە وەرزی پاییزدا دادەخرێت و لە وەرزی بەهاردا دەکرێتەوە.
چوار کیلۆمەتری رێگەی ملەی تەتە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سنە و 17 کیلۆمەتریشی دەکەوێتە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ