رووداو دیجیتاڵ
لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەست بەسەر 28 پارچە دراوی ئاسنی مێژووییدا گیرا و دوو کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی شوێنەوارە مێژووییەکان دەستگیرکران.
عەلی ئازادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی سێشەممە رایگەیاند، دوای ئەوەی زانیارییان پێگەیشت کە دوو کەس بە دوو ئۆتۆمبێلی جیاواز لە شاری سنەوە بەڕێکەوتوون و خەریکی بەقاچاخبردنی چەند شوێنەوارێکی مێژوویی پارێزگاکەن، هێزەکانیان دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد.
عەلی ئازادی گوتی، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانیان دوای وەستاندنی دوو ئۆتۆمبێلی لە جۆری پێکان و پیجۆ، دەستیان بەسەر 28 پارچە دراوی ئاسنیی مێژووییدا گرت کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام و سەردەمی ئەشکانییەکان.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سنە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو کەس بە تۆمەتی هەڵگرتنی نایاسایی و هەوڵدان بۆ بەقاچاخبردنی شوێنەوارە مێژووییەکان دەستبەسەرکران. هەروەها دەست بە سەر هەردوو ئۆتۆمبێلەکەشدا گیرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ