نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتان داوای چارەسەرکردنی پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکەن

16-03-2024
هەڵەبجە سەعدوون
مۆنیومێنتی شەهیدانی هەڵەبجە.
مۆنیومێنتی شەهیدانی هەڵەبجە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

هەڵەبجە، شارە لەبیرکراوەکە، تەنیا لە هەرێمی کوردستان پارێزگایە و دانیشتووانی شارەکە چاویان لە پەرلەمانی عێراقە بۆ ئەوەی بەفەرمی بکرێتە 19ـەمین پارێزگا لە عێراق. بەشێکی نێردەی دیپلۆماسیی وڵاتانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوە دەردەبڕن. 
 
لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی شارەکەدا، جارێکی دیکە پرسی بەپارێزگابوونی دێتە بەر باس؛ بەشێکی وڵاتانی بیانیش پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەم هەنگاوە دەردەبڕن. 
 
کێت شۆن، جێگری کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "شتێکی زۆر باشە کە ئێمە ببینین هەڵەبجە بووەتە پارێزگا. ئێمە زۆر پاڵپشتی لەم هەنگاوە دەکەین. پشتگیری لە هەر پرس و داواکارییەکی هەڵەبجە و کوردستان دەکەین." 
 
لەگەڵ پاڵپشتیی بەریتانیا، فەرەنسا روانینێکی دیکەی هەیە؛ بابەتەکە بە پرسێکی نێوخۆیی و پەیوەست بە رێککەوتنی نێوان لایەنەکان دەبینێت. 
 
يان برێم، كۆنسوڵى فه‌ره‌نسا له‌ هەولێر دەڵێت، "پێویستە ئەم بڕیارە بگەڕێندرێتەوە بۆ حکومەتی خۆجێی تاوەکو بڕیاری لەسەر بدات." 
 
پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13ـی ئاداری پار پەسند کرا. بڕیاربوو لە 14ـی ئەیلوولی هەمان ساڵ لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت. بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ نەکراوە.  
 
لە بەغدای پایتەختی عێراق کە هەموو رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی لێ وەستاوە، یادی ساڵڤەگەڕی کیمیابارانی هەڵەبجە کرایەوە. 
 
باڵیۆزی وڵاتان داوای چارەسەرکردنی پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکەن. 
 
ئیلبرۆس کۆتراشیف، باڵیۆزی رووسیا لە عێراق بە رووداوی گوت: "ئەمە بابەتێکی نێوخۆییە. ئێمە وەکو وڵاتی رووسیا پەیوەندی و هەڵوێستێکی ئاساییمان لەگەڵ هەموو پرسە ناوخۆییەکان هەیە، بەڵام پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەیوەستە بەوەی حکومەتی عێراق و خەڵکی کوردستان لەسەری رێکبکەون." 
 
لای خۆیەوە، جۆرجیۆس ئەلمانۆس، باڵیۆزی یۆنان لە عێراق گوتی: "ئێمە هەمیشە یادی بیرەوەریی قوربانییەکانی ئەم رووداوە تراژیدیایە دەکەینەوە و رێزیان لێدەگرین." 
 
لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو، لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و عێراق کەمتر بەشدارییان تێدا کرد و تەنیا بە ناردنی تاجەگوڵینە هاوخەمیی خۆیان دەربڕی. 
 
ماوەیەکی درێژە خەڵکی هەڵەبجە چاوەڕێی پەرلەمانی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە تێپەڕێندرێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق تەنانەت بەشداریشی لە ساڵیادی کیمیابارانی شارەکەدا نەکرد و بە ناردنی تاجەگوڵینەیەک هاوخەمیی خۆی دەربڕی.
 
 
 

 

 

 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە