جێگری پارێزگاری هەڵەبجە: نزیکەی 200 پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە نیوەچڵی ماونەتەوە

16-03-2024
پەیمان محەممەد
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە. وێنە: رووداو
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، نزیکەی 200 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەڵەبجە هەن کە بە نیوەچڵی ماونەتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، "هاونیشتمانییانی هەڵەبجە بەهۆی بێکارییەوە کۆچ دەکەن."
 
ئەمڕۆ شەممە 16-03-2024 شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە لە رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بە رووداوی گوت، "دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هەڵەبجە، ساڕێژی برینی کەسوکاری پێنج هەزار شەهیدی کیمیابارانی پارێزگاکە دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نەبوون."
 
"نزیکەی 200 پڕۆژە بە نیوەچڵی ماونەتەوە"
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، نزیکەی 200 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی شارەکە بە نیوەچڵی ماونەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ دۆخی خراپی دارایی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنێتەوە.
 
هەڵەبجە سنوورێکی درێژی لەگەڵ رۆژهەڵاتی کوردستان هەیە، بەڵام تەنیا سێ دەروازەی سنووریی نیمچە فەرمی لەسەرە کە شووشمێ، تەوێڵە و پشتەن. مەرزی سازانیش کە دەکەوێتە سنووری گوندی سازانی پارێزگای هەڵەبجە و هاوسنوورە لەگەڵ پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، تاوەکو ئێستا بڕیار لە کردنەوەی نەدراوە.
 
شاهین رەزا گوتی، ''پارێزگای هەڵەبجە یەک دینار داهاتی خۆی نییە. یەکێک لە هۆکارەکانیشی ئەوەیە کە ئێمە بەڕێوەبەرایەتیی گومرگمان نییە کە ئەگەر هەبوایە، بەشێکی ئەو داهاتەی لە دەروازە سنوورییەکان کۆ دەکرایەوە، بۆ پارێزگاکە دەبوو."
 
رۆژی 22ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی کرد و بەردی بناخەی ژمارەیەک پڕۆژەی دانا. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی ، لە سەردانەکەی سەرۆکوەزیراندا، رەزامەندی لەسەر ئەوەش دراوە کە لیژنەیەکی تایبەت بنێردرێتە هەڵەبجە و گوژمەیەک لەو داهاتەی کە لە دەروازە سنوورییەکان کۆدەکرێتەوە هەر بۆ پارێزگاکە تەرخان بکرێت.
 
"بێکاری هۆکاری کۆچکردنە لە هەڵەبجە"
 
دەرفەتی کار لە هەڵەبجە زۆر نییە و ئەوەش کاریگەری هەبووە. شاهین رەزا لەو بارەوە دەڵیت، "زیاتر لە 100 خێزان هەڵەبجەیان بەهۆی بێکارییەوە جێهێشتووە کە بۆ دۆزینەوەی کار روویان لە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کردووە."
 
جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، "گەنج هەیە بەهۆی ناچارییەوە بە 100 هەزار دیناریش کار دەکات، بەڵام بەداخەوە کاری دەست ناکەوێت."
 
پڕۆژەی ستراتیژیی پردی تووەقوت
 
پردی تووەقوت کە پارێزگای هەڵەبجە بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە، یەکێک لە گرنگترین پڕۆژەکانی پارێزگای هەڵەبجەیە و لە ساڵی 2008 نەخشە و دیزاینی بۆ کراوە و بودجەشی بۆ تەرخانکرا، بەڵام نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە. شاهین رەزا ئاماژەی بەوە کرد، "دەمێکە هەوڵی کردنەوەی پردەکە دەدەین، چونکە دەبێتە پردێکی ستراتیژیی پارێزگاکە."
 
هەر لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی دا بۆ هەڵەبجە، بەردی بناخەی پڕۆژەی پردی تووەقوتیش دانرا. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان بەڵێنی داوە لە ماوەی کەمتر لە دوو ساڵدا پڕۆژەکە تەواو بکرێت و گوتی، ''پرسیارم کرد کە ئایا کارکردن لەسەر ئەم پردە بەردەوام دەبێت؟"، وەزیریش لە وەڵامدا گوتی، 'بەردەوام دەبێت و پارە و هەموو شتێکی بۆ دانراوە و تەواوکردنی کەمتر لە دوو ساڵ دەخایێنێت."
 
پردی تووەقوت نزیکەی 300 بۆ 350 مەترە و بودجەکەی 28 ملیار بوو، بەڵام کراوەتە 31 ملیار دینار، جگە لە پردەکە رێگەشی لەگەڵدایە کە 27 کیلۆمەترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە