رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێكی لێكۆڵینەوەی تاوان لە دادگەی نەوجەوانانی سلێمانی رایگەیاند ئەنجامدانی تاوان لە نێو نەوجەوانان بە رێژەیەكی بەرچاو زیاد و هەمەجۆر بووە، بۆچوونیشی وایە تیكتۆك و سناپچات هۆكارن بۆ زیادبوونی تاوانەكان كە لەو رێگایەوە نەوجەوانان زیاتر یەكتری دەناسن.
یەكێك لەو تاوانانەی كە پێشتر لەنێو نەوجەوانان زۆر كەمبووە یاخود هەر نەبووە بەكارهێنان و بازرگانی كردن بووە بە مادە هۆشبەرەكانەوە. بەپێی ئامارێك لە ساڵی 2020دا تاوانی مادەی هۆشبەر تەنیا لە سلێمانیدا حەوت دۆسییە هەبووە، بەڵام لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 15 دۆسییە، واتە 100% زیاد بووە.
هەر لە 2020دا تاوانە سێكسییەكان لە شارێكی وەک سلێمانی تەنیا هەشت حاڵەت تۆماركرداوە، بەڵام لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 42 دۆسیە. پسپۆڕێكی بواری كۆمەڵایەتی و دەروونیش هاوڕای ئەو دادوەرەیە. باس لەوە دەكات لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان سەتان كەس دێنە ماڵەكانمان بەبێ ئەوە لە دەرگەوە بێت لەكاتێكدا پێشتر وەها نەبوو.
بەشی هەرە زۆری ئەو نەوجەوانانەی لە تاوانەوە تێوەگلاون دایک و باوكیان جیابونەتەوە هەر وەک دادوەرێكی بەرنامەكە گوتی: "95%ـی دۆسییەكانی لەلای ئێمە دایک و باوكیان جیابوونەتەوە".
لێكۆڵەرێكی دادوەریش لەو بڕوایەدایە هەرچی نەوجەوان داوای كرد دایک و باوک بۆی دابین كرد، "ئەوا نەوجەوانەكەی دەڕووخێنێ نەك خزمەتی بكات".
لەكاتی ئامادەكردنی ئەم بەرنامەیە لە هەرێمی كوردستاندا 165 نەوجەوان لە چاكسازییەكاندان كە 149كوڕ و 16یان كچن، هەر لەپێناو كەمبوونەوەی كێشەی نەوجەوانان پارێزەرێكی راوێژكار پێشنیاز دەكات لە هەرێمی كوردستان بواری سۆشیاڵمیدیا بە یاسا رێكبخرێت.
نوێنەری چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەرنامەكەدا باسی لەوە كرد لە پارێزگای دهۆک بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر زیاترە لە بازرگانی بوارەكە، بەڵام لە هەولێر و سلێمانی بە پێچەوانەوەیە، هەر بەپێی قسەی ئەو بەرپرسەی حكومەت ئێستا 25منداڵ بەبێ ئەوەی هیچ تاوانێكیان كردبێت لە چاكسازییەكاندا زیندانین زۆرینەی ئەو منداڵانەش لە چاكسازی ژن و منداڵانی هەولێرن.
لە چوار ساڵدا تاوان لە 417 کەیسەوە بووە بە 904 کەیس
خەمی زیادبوون و هەمەجۆریی تاوانەكان لەنێو نەوجەوانان وەهای لە سۆزان عەبدوڵڵا، دادوەری لیكۆڵینەوەی تاوان لە دادگای نەوجەوانانی سلێمانی كردووە بێتە بەرنامەكە و باس لە بەشێكی ئەو تاوانانە بكات كە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو زیادبوون.
دەستپێكیش لە ئاماری تاوانەكانی تەنیا نێو سلێمانی خستەڕوو كە لە 2020دا 417 حاڵەت بووە، بەڵام لە 2024 بۆ 904 حاڵەت بەرزبووەتەوە. هەر لە 2020دا تاوانی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەنێو نەوجەوانان لە سلێمانی حەوت حاڵەت بووە، بەڵام 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ15 حاڵەت. تاوانە سێكسییەكان لە ساڵی 2020دا لە هەشت حاڵەتەوە لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 42 حاڵەت. تاوانی دزیش لە 2020دا 68 حاڵەت بووە، بەڵام لە2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 118 حاڵەت. تاوانی تووندوتیژی خێزانیش لە 2020دا 55دۆسییە هەبووە لە 2024 بووەتە 156 دۆسیە هاوكات خراپ بەكارهێنانی ئامێری پەیوەندی لە 2020دا 8كەسی بووە، بەڵام لە 2024دا بۆ 17 حاڵەت بەرزبووەتەوە.
دادوەر سۆزان عەبدوڵڵا دەڵێت: "ئەگەر بەر بەم تاوانە نەگرین، كۆمەڵگاكەمان بەروو ئەوە دەڕوات رێژەی تاوان تێدا بگاتە 60% بۆ 70%".
بە بۆچوونی ئەو دادوەرە هۆكارێكی سەرەكی زیادبوونی تاوان تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانن بە تایبەت وەك ئەو گوتی: "لە رێگای تیكتۆک و سناپچات نەوجەوانان یەكتری دەناسن دواتر تاوانی لێدەكەوێتەوە بەزۆریش تاوانە سێكسییەكانن لەو رێگایەوە روودەدا، ئێمە ناڵێین دەبێت تاوان سفر بێتەوە، بەڵكو زەنگێک هەیە كە كۆمەڵگاكەمان بەرەو تاوانی زۆر دەڕوات. دەبێت خەڵک ئاگادار بن".
ئەو دادوەرە باس لەوەش دەكات 95%ـی دۆسیەكانی لەلای ئەوان ئەو نەوجەوانانە كە دایک و باوكیان جیابوونەتەوە ئەو دادوەرە گوتی: "تكام لە دایک و باوكانە كاتێك بڕیاری جیابوونەوە دەدەن لەبری جارێک سەتان جار بیربكەنەوە، چونكە منداڵەكانیان سەرگەردان دەكەن".
كافتریای 24 كاژێری
تاوانێک دادوەر سۆزانی نیگەران كردووە كە زۆر زیادی كردووە ئەویش راكردنی كچانی نەوجەوانە لە ماڵەكانیان؛ سۆزان عەبدوڵڵا دەڵێت: "كچمان هەبووە بۆ ماوەی بیست رۆژ ماڵەوەیانی جێهێشتووە كە پرسیارمان لێكرد دەیگوت لە كافتریای 24 كاژێری ماومەتەوە، بەراستی لەوەوە زانیم كافتریای 24 كاژێری هەیە، چ پێویست دەكات لەم وڵاتە كافتریای 24 كاژێری هەبێت، بۆیە پێویستە رێگری لە كافتریای 24 كاژێری بكرێت، جگە لەوە كچم لایە دایک و باوكی نییە لەلای نەنكی ژیاوە، تاوەكو ئێستا هەشت جار لە ماڵ رایكردووە، تووشی تاوانی سەیر بووە".
زیادبوونی بەكارهێنەرانی مادەی هۆشبەر لەنێو نەوجەوانان خاڵێكی دیكەی نیگەرانیی ئەو دادوەرەیە؛ ئەو باس لەوە دەكات لە 1995ـەوە لەنێو دادگاكاندا كار دەكات، بەڵام نەیبینیوە مادەی هۆشبەر لە نێو نەوجەواناندا بەو جۆرەی ئێستا زیاد بكات، ئامارەكەش راستی قسەكەی دەسەلمێنێ، چونكە لە 2020دا بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر لەنێو نەوجەوانان لە سلێمانیدا حەوت حاڵەت بووە، بەڵام 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 15 حاڵەت.
زوو هەڵخڵاتاندنی نەوجەوانانی كچ ئەو داوەیە كە سەرچاوەی زۆربەی تاوانەكانە. ئەو دادوەرە ئەوە دەخاتەڕوو هەندێ كوڕی نەوجەوان بەو وێنانەی لە خودی كچەكانەوە دەستیان دەكەوێت هەڕەشەیان لێدەكەن دواتریش تووشی تاوانی سێكسییان دەكەن. ئەو دەڵێت: "دۆسیەمان هەبووە دوو كچ لەگەڵ حەوت كوڕدا رۆیشتبوون تووشی تاوان بوون، كچمان هەبووە گوتوویەتی وەكو دراما توركییەكان حەزمان كردووە لەگەڵ كوڕدا پێكەوە بژین".
دادوەر سۆزان عەبدوڵڵا ئەوەش ناشارێتەوە كە بەهۆی قەیرانی داراییەوە دزیكردنیش لە نێو نەوجەوانان زۆر زیادی كردووە.
ئەو ژنە دادوەرە ئامۆژگاری دایک و باوكان دەكات لەنێو خودی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنی هەرزەكارەكانیاندا، بەرنامەی چاودێریكردن هەیە بۆ مۆبایلەكانیان دایبەزێنن. ئەو دەڵێت: "دەكرێت لەرێگای ئەو بەرنامەیەوە بزانیت نەوجەوانەكەت سەیری چی دەكات".
سۆزان عەبدوڵڵا لەو بڕوایەشدا نییە چاكسازییەكان بتوانن هەموو ئەو نەوجەوانانە چاكبكەن كە تێدا دەمێنەوە ئەو دەڵێت: "كەس هەبوو دوا چەندین جار گرتن دووبارە تاوانی جۆراجۆری كردووەتەوە".
'80 جار دزی كردبوو چارەنووسی ئەمە بوو'
بەشێك لە نەوجەوانانیش لەگەڵ ئەوەی تاوانی زۆریان كردووە، بەڵام دواجار لەژێر رێنمایی كەسانی شارەزا وازیان لە تاوان كردن هێناوە. دادوەر سۆزان عەبدوڵڵا نموونە بە گەنجێك دەهێنێتەوە كە 80 جۆر دزیی جیاوازی كردبوو، بەڵام ئێستا تەواو چاكبووەتەوە و ژنیشی هێناوە، "تەنانەت ژنەكەشی لە تاوانێكدا ناسیبووی، بەڵام ئێستا هیچ كێشەیەكیان نییە".
سۆزان عەبدوڵڵا رێنمایی دایک و باوكان دەكات ماڵەكانیان بكەنە لایەنەیەكی گەرمی خۆشەویستی نەوەكانیان، چونكە لەو بڕوایەدا نییە هیچ كەسێك لە ماڵێكی ئارامەوە رابكات ئەو دەڵێت، "دەبێت ئەو ماڵە چ دۆزەخێك بێت كچێك حەز بكات لەسەر شەقام بژی، نەك ماڵەوە".
لەگەڵ ئەوە ئەو دادوەرە چەند جارێك جەختی لەوە كردەوە كە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هۆكاری زۆربەی تاوانەكانی نەوجەوانانە گوتیشی: "من دژی سۆشیاڵ میدیا نیم، دەڵێم دەبێت لەژێر چاودێریدا بەكاربێت."
ئەو دادوەرە پێشنیازی بۆ ئەو دایک و باوكانەش هەیە كە جیابوونەتەوە، كارێک نەكەن منداڵەكانیان ببنە قوربانی گەورە و دەڵێت: "لە ئەورووپا بە یاسا ئەوە رێكخراوە ئەگەر دایک و باوک جیاش ببنەوە هەفتەی جارێك بەیەكەوە منداڵەكان بەرنە دەرەوە، بۆیە پێشنیاز دەكەم لێرەش یاسایەكی لەو جۆرە هەبێت. لە كۆتایی قسەكانی دادوەر سۆزان عەبدوڵڵا جەختی لەوە كردەوە، بەهیچ جۆرێك نابێت بە نەوجەوان بگوترێ تاوانبار، بەڵكو بەپێی یاساش ئەوانە بە لادەر ناو دەبرێن نەك تاوانبار.
لە چاكسازییەكاندان 165 نەوجەوان هەیە
هۆشەنگ عەبدوڵڵا، نوێنەری چاكسازییەكان لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسی سەنتەری مادە هۆشبەرەكان لە چاكسازی ژنان و منداڵانی هەولێر وەک میوانێكی دیكەی بەرنامەكە باسی لەوە كرد لە هەرێمی كوردستان 165 نەوجەوان لە چاكسازییەكاندان 149 كوڕ و 16 یان كچن، بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەوان، تاوانی دزیكردن و شەڕكردن لەنێو نەوجەوانان زۆر زیادیكردووە، دەڵێت "تەنیا لە هەولێر لە 2023دا 250 دۆسیەی دزی و137دۆسیەی شەڕكردن لە نێو نەوجەوانان هەبووە، جگە لەوە27 دۆسیەی كوشتنمان لەنێو نەجەوانانی هەولێردا هەیە".
هۆشەنگ عەبدوڵڵا ئەوەش دەخاتەڕوو، كاری چاكسازییەكان تاوەكو رادەیەك باشە، بەڵام بێ كەموكووڕی نییە. یەكێك لە گرفتەكانی بچووكی بیناكانیانە بەنموونە چاكسازی گەورانی هەولێر بۆ 900 كەس دروست كراوە، كەچی 2078 كەسی تێدایە و چاكسازی ژنان و منداڵانی هەولێریش شوێنی 100 كەس دەبێتەوە، بەڵام 350 كەسی تێدایە، لە چاكسازی گەورانی سلێمانیش1654 كەسی تێدایە لە ژنان و منداڵانەكەشی 114 كەسی تێدایە لە دهۆكیش بەهەمان شێوە گرفتی كەمی شوێن هەیە، چونكە لەو چاكسازیەش، 1344 دۆسییە هەیە و لە ژنانو منداڵانەكەشی111 دۆسییە هەیە.
ئەو دەڵێت: "لە 2015 دا سەردانی چاكسازییەكی سوێدم كرد 400 هێكتاربوو 64 كەسی تێدا بوو".
'25 منداڵ بەبێ تاوان لە زیندانن'
لە بەشێكی دیكەی بەرنامەكەدا، هۆشەنگ عەبدوڵڵا ئەوەشی خستەڕوو، 25 منداڵ لە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستاندان هیچ تاوانێكیان نییە، بەڵام بەهۆی تاوانێكی دایكیانەوە كەوتوونەتە نێو چاكسازییەكان زۆرینەی ئەو منداڵانەش لە چاكسازی هەولێرن كە ژمارەیان 18 منداڵە.
بەپێی قسەی هۆشەنگ عەبدوڵڵا ئەو منداڵانە لەنێو چاكسازییەكاندا ژینگەیەكی تایبەتیان بۆ دروستكراوە رۆژانە بە گەمەی باش و دنیای منداڵی خۆیان سەرقاڵ دەكرێن، نەك منداڵەكان، بەڵكو هەروەك ئەو بەرپرسەی حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی كرد بۆ گەورەكانیش ژینگەیەكی لەبار رەخسێنراوە هۆشەنگ عەبدوڵڵا دەڵێت: "كەسمان هەبووە بە مادەی كوشتن گیراوە، دواتر فێری مۆسیقا بووە ئێستا لەدەرەوە كار دەكات، بكوژمان هەبووە دوای ژیانی چاكسازی رۆمانی نوسیوە".
لە سێ بەشی گیراوان بەشێكیان مادەی هۆشبەرە
ئەوەی بۆ هۆشەنگ عەبدوڵڵا زۆربەی پەروەردەكاران مایەی نیگەرانەییە تاوانی بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان پێشتر لە نێو نەوجەوانان نەبووە یان هەر زۆر كەمبووە؛ "ئێستا خێزان هەیە گیراون، بە خێزانی مادەی هۆشبەریان بەكارهێناوە".
ئامارەكانی بەكارهێنەران و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان بەردەوام روو لە هەڵكشانە بەجۆرێك لە 5651 كەسی نێو چاكسازییەكان 1514 كەسی بەكارهێنەر و بازرگانی مادە هۆشبەرەكانن. هۆشەنگ عەبدوڵڵا دەڵێت: "بەپێی ئامارەكان لە سێ بەشی چاكسازییەكان، بەشێكی لەسەر مادەی هۆشبەر گیراون. ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە لەنێو چاكسازییەكاندا سەنتەری شیاندنەوە بۆ كەسانی ئالوودەبوو كراوەتەوە".
هەر بەپێی قسەی هۆشەنگ عەبدوڵڵا، لە هەرێمی كوردستان بازرگانی مادەی هۆشبەر زیاترن لە بەكارهێنەر. ئەو دەڵێت: "لە دهۆك بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر زیاترە لە بازرگانی بوارەكە، بەڵام لە هەولێر و سلێمانی بە پێچەوانەوەیە بازرگانمان زیاترە، بازرگانی ماددەی هۆشبەر هەبووە گوتویەتی بە چوار مانگ دەتوانم خانوویەك بكڕم".
سواڵكردن و لەشفرۆشی و بەكارهێنانی نەوجەوانن لەو بوارەدا ئەوانیش زیاد بوون بەنموونە هەر لە شاری هەولێر گرتنی ئافرەتان لەسەر سواڵكردن لە 2023دا 134 كەس بووە، بەڵام لە 2024دا بەرزبووەتەوە بۆ 387 كەس، جگە لەوە گرتنی ئافرەت لەسەر لەشفرۆشی لە 2023دا 102كەس بووە، بەڵام لە 2024دا بووەتە 105كەس.
لە كۆتایی قسەكانی هۆشەنگ عەبدوڵڵا ئەوەشی ئاشكرا كرد گیراوەكانی نێو چاكسازی بەپێی تەمەنیان لە چاكسازییەكاندا دادەنرێن، نەك بەپێی جۆری تاوانەكانیان.
'جاران لە دەرگاوە دەهات ئێستا لە سۆشیاڵ میدیاوە'
د. سەعد بەرزنجی، توێژەر و مامۆستای زانكۆ وەک میوانێكی بەرنامەكە بۆچوونی وایە سۆشیاڵ میدیا هۆكارێكی سەرەكین بۆ هەڵخەڵاتاندنی نەوجەوانان و بەرەو تاوان بردنیان. د. سەعد بەرزنجی باس لەوە دەكات ئێستا دەیان كەس دێتە لای منداڵەكانمان بەبێ ئەوەی لەدەرگاوە بێت، لەكاتێكدا پێشتر وەها نەبوو. ئەو دەڵێت: "جیهانی سۆشیاڵ میدیا جیهانێكی درۆینەیە زۆرجار لەو رێگایەوە گەنج و هەزەكار بەلاڕێدا دەبرێت. ئێستا بەرنامە هەیە كە گەنج یان هەرزەكارەكە چووە ماڵپەڕێكی خراپەوە ئەوا راستەوخۆ نامەیەك بۆ سەرپەرشتیكارەكەی دەڕوات. داوا لە دایك و باوكان دەكەم لەو جۆرە بەرنامانە دابەزێنن و چیتر ئامێرە بێ گیانەكانی پەیوەندی كردن تۆمەتبار نەكەن، چونكە تۆمەتباركردنی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن راكرنە لە واقع".
د. سەعد بەرزنجی رەخنە لە دایك و باوكان دەگرێت، بەوەی كاتیان بۆ زۆر شت هەیە، بەڵام ئامادەنین كتێبێك بخوێنەوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەرزەكارەكانیان. ئەو دەشڵێت: "نابێت دایک و باوک دوو پەروەردەی جیاوازیان بۆ بەخێوكردنی منداڵەكانیان هەبێت".
بەبڕوای د. سەعد پێدانی پارە بەبێ چاودێری بە نەوجەوان زۆرجار دەبێتە هۆكاری تاوان. ئەو دەشڵێت: "بەدواداچوون بۆ كاری منداڵەكانمان پێویستە، نەك چاودێریكردنێكی بێ بەرهەم".
بەبۆچوونی د. سەعد بەرزنجی تەمەنی هەرزەكاری بەساڵ ناپێورێ، لەبەرئەوەی تەمەنی ساڵ و تەمەنی عاقڵ جیاوازە ئەو گوتی "تەمەنی هەرزەكاری تاوەكو ئەو كاتەیە كە كەسەكە عاقڵی هەرزەكاری هەیە، كەس هەیە 25 ساڵە و هەرزەكارە".
د. سەعد بەرزنجی ئەوەش رووندەكاتەوە پاڵەپەستۆی زیاد لە پێویست لەسەر هەرزەكار تەقینەوە دروست دەكات. دەشڵێت: "كاركردن لەسەر تاوانبار شتێكی وەها لەدۆخەكە ناگوڕێت، دەبێت كار لەسەر كەمكردنەوەی تاوانەكان بكەین".
پارەی چاكسازییەكان بۆ رووناككردنەوەی شەقامەكان
د. سەعد بەرزنجی، قسەی دەرونناسێک لە بەشێكی بەرنامەكەدا دووبارە دەكاتەوە. دەڵێت: "ئەو پارەیەی لە چاكسازییەكاندا خەرجی دەكرێت، باشترە شەقامەكانی پێ رووناک بكەرێتەوە بۆ ئەوەی تاوان روونەدا". د. سەعد بەرزنجی دەشڵێت: "كوشتن زۆرجار لە شەڕێكی ئاسایی لاكۆڵانەوە سەرچاوەی گرتووە، هەنگاو بە هەنگاو هەرزەكارەكە لە تاوان نزیك بووەتەوە دواجار تووشی تاوانی گەورە بووە".
د. سەعد بەرزنجی، ئامۆژگاری دایک و باوكان دەكات كە زانیان هەرزەكارەكەیان بەرەوو تاوانێک هەنگاو دەنێت یان بەرێژەیەكی كەمیش بێت مادەی هۆشبەر بەكاردەهێنێ، راستەوخۆ لایەنی ئەمنی ئاگادار بكە، چونكە قازانجیان لەوەدایە. ئەو دەروونناسە هیچ كاتێك لەگەڵ ئەوە نییە كە مۆبایل لە هەرزەكار قەدەخە بكرێت، "بەڵكو دەبێت لەژێر چاودێری بەكاری بهێنن".
داواش دەكات كەسانی باش سۆشیاڵ میدیا بۆ خەڵكانی خراپ بەجێنەهێڵن. ئەو دەڵێت: "ناكرێت كەسانی باش گۆڕەپانی سۆشیاڵ میدیا بۆ خەڵكانی خراپ بەجێبهێڵن".
بەبڕوای د. سەعد بەرزنجی، تاوان لەلای نەوجەوان، هەنگاو بەهەنگاو روودەدا بۆیە دەبێت دایك و باوكان لەوبارەیەوە زۆر چاوكراوە بن. ئەو گوتیشی: "تكا لە دایكان و باوكان دەكەم هەندێ لە خۆشییەكانی خۆیان بكەن قوربانی منداڵەكانیان، بۆ ئەوەی جیابوونەوە روونەدات، چونكە دایك هەیە لە مێردەكەی جیابووەتەوە دەڵێ سێ ساڵە منداڵەكانمم نەدیوە بەو هۆیەوە تووشی خەمۆكی بووە".
لەپێناو كەمكردنەوەی رێژەی جیابوونەوەی دایك و باوكان ئەو پسپۆڕە دەروونییە پێشنیاز دەكات هاوشێوەی وڵاتی مالیزیا، كچ و كوڕ پێش پێكهێنانی ژیانی هاوژینی خولێكی شەش مانگی ببینن. ئەو دەڵێت: "لە مالیزیا كچ و كوڕ پێش ژیانی هاوژینی خولی شەش مانگی دەبینن، لەلای ئێمە خولەكە دوو رۆژە، بەو رێگایە لە مالیزیا رێژەی تەڵاقی 36% بۆ 12% دابەزی". دووركەوتنەوە لە ئاین و بەها ئاینییەكان، بەبۆچوونی د. سەعد بەرزنجی هۆكارێكی زۆری تاوانەكانە.
'بەجێبەجێكردنی هەموو داواكانی، منداڵەكەت مەڕوخێنە'
ئەكرەم زادە، لێكۆڵەری دادوەری و نووسەر لە بواری تاوانی نەوجەوانان وەک میوانێكی دیكەی بەرنامەكە ئامۆژگاری دایک و باوكان دەكات، هەموو داواكاری نەجەوانەكانیان جێبەجێ نەكەن، چونكە بەو كارە دەیانڕوخێنن. ئەو دەڵێت: "هەرچی نەوجەوان داوای كرد دایك و باوك بۆی دابین بكات، ئەوا دیڕووخێنێ نەك خزمەتی بكات، خەڵكی وەها دەزانێ كە مۆبایلێكی باشی بۆ هەرزەكارەكەی كڕی ئەوە بەسە، بەڵام پەروەردەیەكردنەكە بەكەڵكی دێت نەك بەتەنیا پێداویستییە مادییەكانی، پەروەردەی دروست ئەوە نییە تەنیا پێداویستییە ماددییەكان بۆ نەوجەوانان تەرخان بكرێت".
ئەكرەم زادە كە نزیكەی 50 لێكۆڵینەوەی لە گۆڤارە نێودەوڵەتییەكاندا لەسەر قۆناخی نەوجەوانی بڵاوكردووەتەوە ئەوە دەخاتەڕوو بەپێی لێكۆڵینەوەیەك ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەكان پێشتر خواردنەوە كحولییەكانیان بەكارهێناوە. ئەو دەڵێت: "رێگەدان و برەودان بە خواردنەوە كحولییەكانیان رێگا خۆشكردنە بۆ بەكارهێنانی ماددەهۆشبەرەكان". ئەكرم زادە جەختلەوە دەكاتەوە نەوجەوان ئەگەر تاوانیش بكات بەلادەر دەدرێتە قەڵەم نەك تاوانبار.
باوكێك مادەی هۆشبەری بە منداڵەكەی دابەشكردبوو
عومەر محەممەد، كە وەك پارێزەرێكی راوێژكار لەبەرنامەكەدا بەشداربوو ئەوەی ئاشكرا كرد دۆسیەیان لەلابووە باوك منداڵی خۆی بەكارهێناوە بۆ دابەشكردنی مادەی هۆشبەر. ئەو دەڵێت: "بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە مادە هۆشبەرەكان لەلایەن نەوجەوانانەوە گرفتێكی گەورەیە بەداخەوە نەك مادەی هۆشبەر دایك و باوكمان هەیە منداڵی خۆی بەكاردەهێنێ بۆ دزیكردنیش، پێویستە لەسەر دایك و باوكان وەك هاوڕێ مامەڵە لەگەڵ هەرزەكارەكانیان بكەن ئەگەر بەو جۆرە بوو بەشێك لە كێشەكان چارەسەر دەبێت".
بەبڕوای ئەو پارێزەرەش سۆشیاڵ میدیا هۆكارێكە بۆ زیادبوونی تاوان لەلای نەوجەوانان. عومەر محەممەد دەڵێت: "كۆمپانیاكانی بواری سۆشیالمیدیا بە ئەركی خۆیان هەڵناسن، بۆیە پێویستە بواری سۆشیالمیدیا بە یاسا رێكبخرێت، چونكە بەڕاستی سۆشیاڵ میدیا كاریگەری زۆر نەرێنی لەسەر رەفتاری نەوجەوانان هەیە".
ئەو پارێزەرە ئەوەش رووندەكاتەوە سۆشیاڵ میدیا كاریگەریی نەرێنی لەسەر خێزانیش هەیە نەك بەتەنیا نەوجەوان بە بڕوای ئەو پارێزەرە پەیوەندییەک لە نێوان كافتریا و مادە هۆشبەرەكاندا هەیە، چونكە زۆر كەس لەسەر كێشانی نێرگەلەی كافتریاكان ئالوودە بووە. ئەو گوتی: "بۆیە دەبێت لیژنەكانی پەیوەندیدار بە وردی بە دوای ئەوەدا بچن ئەو مادانە چین كە لە دروستكردنی نێرگەلە بەكاردەهێندرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ