بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەی سەڵماس گیانی لە دەستدا

16-02-2025
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بریندارێکی دیکەی تەقینەوەی سەڵماس گیانی لەدەستدا کە ژنێکی گەنجە، بەمەش ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ کەس.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ـی شوباتی 2025، بریندارێکی دیکەی تەقینەوەکەی سەڵماس بە ناوی سەحەر عومەرزادە، کە لە تەقینەوەی دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە لە سەڵماس بریندار ببوو، گیانی لەدەستدا.
 
ئەمە سێیەم کەسە بەهۆی رووداوەکەوە گیان لەدەست بدات. پاشنیوەڕۆی چوارشەممە 12ـی شوباتی 2025، بەهۆی تەقینەوەی یاری ئاگرین لەنێو ماڵێک لە سەڵماس، ژنێکی 44 ساڵان بە ناوی گلسن بەگزادە گیانی لەدەستدا و 5ـی دیکەش برینداربوون. رۆژی پێنجشەممەش ژنێک بەناوی عەسەل عەبدئەڵڵا نەژادی چوار ساڵانیش گیانی لە دەستدا.
 
تەقینەوەکە لەنێو خانوویەکی سێ نهۆمی لە شارۆچکەی کۆنەشار لە رۆژئاوای شاری سەڵماس روویدابوو.
 
فەرزین رەزازادە، بەرپرسی فریاکەوتنی ورمێ رایگەیاند: "تەندروستی بریندارێکی دیکەش جێگیر نییە و لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکی دایە".
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، قوربانییەکان کوردن و خەڵکی گوندی دێلەزی ناوچەی شپیرانی سەڵماسن.
 
زۆربەی دانیشتووانی شارۆچکەی کۆنەشاری سەڵماس، کوردن و ژمارەیەکی کەم ئازەریشی لێدەژین.
 
ساڵانە لە بەرەبەری ساڵی نوێی هەتاوی و رێوڕەسمەکانی چوارشەممەسووری، هەندێک کەس یاری ئاگرینی دەستکرد دروست دەکەن، کە زۆر جار دەبنە هۆی تەقینەوە و قوربانییان لێدەکەوێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە