لە سەرگەڕان دیسان رێگە بە جووتیارانی کورد نەدرا زەوییەکانیان بکێڵن

16-02-2025
پەیمان محەممەد
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە گوندی شەناغەوە دوایین زانیارییەکان دەخاتەڕوو
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری رووداو لە گوندی شەناغەوە دوایین زانیارییەکان دەخاتەڕوو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای پەسندکردنی یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان لە پەرلەمان، دووبارە لە سنووری سەرگەڕانی کەرکووک رێگری لە کارکردنی جووتیاران دەکرێت. موختاری گوندی شەناغە دەڵێت، ''سوپا هێز دەنێرێت، بەڵام ئێمە بڕیاری خۆمان داوە و دەستبەکار دەبین.''
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە 16-02-2025) چەند ئەفسەرێکی سوپای عێراق چوونەتە سەر گوندەکانی سنووری سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، بۆ ئەوەی رێگری لە کارکردنی جووتیاران بکەن.
 
هیوا حوسامەدین، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، ''جووتیاران بڕیاریان دابوو ئەمڕۆ لە گوندی شەناغە کار بکەن، بەڵام هەمەرێکی سوپای عێراقییان ناردووە بۆ رێگریکردنیان.''
 
محەممەد ئیسماعیل، موختاری گوندی شەناغە بە رووداوی گوت، ''قسەمان لەگەڵ کردن، ئەمانە کەسانی رێکوپێکن و هیچ کێشەمان لەگەڵیاندا نییە، بەڵام کێشەمان لەگەڵ سەرووی ئەوانەوە هەیە، سەروویان فەرمانی کردووە رێگریمان لێبکەن، دووبارە تراکتۆر و ئامێرەکانی کشتوکاڵیان وەستاندووە و بەداخەوە گوێ بە بڕیاری دادگە و پەرلەمانیش نادەن.''
 
یاسای گەڕاندنەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان لە پەرلەمانی عێراق پەسندکراوە، محەممەد ئیسماعیل گوتی، ''بەگوێرەی یاسا؛ ئێمە خاوەنی ئەو زەوییانەین، بۆیە بە ئەفسەرەکانم راگەیاندووە، ئێمە چی دیکە ناوەستین، هەر رێکارێکتان هەیە، لەگەڵ ئێمە بیگرنەبەر.''
 
موختاری گوندی شەناغە گوتیشی، ''بڕیارمان داوە لە کارکردن بەردەوام بین، ئەوانیش سەرووی خۆیان ئاگادار کردووەتەوە و داوای هێزیان کردووە، ئێستا هێزێکی دیکەش دێتە سنوورەکە.''
 
بەگوتەی موختاری گوندەکە، رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک و بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ لەسەر هێڵن و نووسراوی فەرمییان بۆ کردوون کە دەستبەکار بن، ''بەڵام فیرقەی هەشتی سوپای عێراق رێگرە و دەستوەردان لە کاروبارەکەدا دەکات.'' 
 
رێگریکردنی سوپای عێراق لە کارکردنی جووتیارانی سنووری سەرگەڕان لەکاتێکدایە؛ یاسای گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنەکانیان لە رۆژی 11-1-2025 لە پەرلەمانی عێراق پەسندکراوە و، 13ـی شوباتیش، د. لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، واژۆی لەسەر کردووە و بۆ وەزارەتی داد نێردراوە، بۆ ئەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاوبکرێتەوە.
 
زۆرینەی ئەو زەوییانەی کەرکووک بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە، دەستیان بەسەردا گیرابوو. خاوەنە رەسەنەکانی زەوییەکان کورد و تورکمانن، بەڵام عەرەبی هاوردە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەیان قەرەبوو کراونەتەوە، دەست لە زەوییەکان هەڵناگرن و ناوە ناوە کێشە بۆ خاوەنە رەسەنەکان دروست دەکەن.
 
کێشەکە، چوار گوندی سنووری سەرگەڕان دەگرێتەوە کە گوندەکانی پەلکانە، شەناغە، سەربەشاخ و گابەرەکەن. ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا بەهۆی عەرەبی هاوردەوە ئاستەنگییان بۆ دروستکراوە، نزیکەی 40 هەزار دۆنم دەبن.
 
زۆربەی گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان کوردنشینن، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە سوپای عێراق و عەرەبی هاوردە چەندین جار کێشە و ئاستەنگیان بۆ کوردی ئەو ناوچەیە دروستکردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی حەرەمی مەککە. وێنە: AFP

حەج و عومرە هۆشداری تووند لە حەجی بازرگانی دەدات؛ 'کێشەی شەرعی هەیە'

بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، هۆشداری تووند لەبارەی بانگەشەی "حەجی بازرگانی" دەدات و دەڵێت، هەر کۆمپانیا و لایەنێک لەو بابەتەدا تێوەبگلێت رووبەڕووی تووندترین سزای یاسایی دەبێتەوە. سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانیش دەڵێت، "ئەو جۆرە حەجە کێشەی شەرعی هەیە".