گەنجێک لە چەمچەماڵ دەکوژرێت و باوکی دەڵێت بە گولـلەی ئاسایش بووە

16-02-2024
پەیمان محەممەد
وێنەی عیسا عەلی
وێنەی عیسا عەلی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شەوی رابردوو لە سنووری چەمچەماڵ لە رووداوێکی تەقەکردندا گەنجێک دوای برینداربوونی گیانی لەدەستدا، باوکی گەنجەکە دەڵێت، ''ئاسایش تەقەی لە کوڕەکەم کردووە''. ئاسایشیش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.
 
رووداوەکە درەنگانی شەو بووە. گەنجەکەش ناوی عیسا عەلییە و تەمەنی 19 ساڵان بووە. 
 
باوکی گەنجەکە لەبارەی چۆنیێتیی رووداوەکەوە بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ''لە کاتێکدا فەرمانیی دەستگیرکردنی هەبووە، ئاسایش تەقەی لێکردووە، گوللە بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە'.'
 
باوکی گەنجەکە ئاماژەی بەوە کرد، ''من لە رانیە بووم، کاژێر 12:30ـی شەو تەلەفۆنیان کرد کە کوڕەکەم بریندارە و ئاسایش تەقەی لێکردووە.''
 
وەک باوکی عیسا دەڵێت، کوڕەکەی چەند رۆژ لەمەوپێش چەکێکی کڕیوە و لەگەڵ هاوڕێیەکی لەنێو شاردا تەقەی هەوایی کردووە، ''ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لەلایەن ئاسایشەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بدرێت.''
 
باوکی گەنجە کوژراوەکە گوتی: ''هەر دوێنێ شەو کاژێر 12:00، دوو مەفرەزەی ئاسایش دەرچوونە، یەکێکیان کە 15 بۆ 20 کەس بوون چوونەتە سەر ماڵمان و هەموو ماڵەکەیان تێکداوە، هێزێکی دیکەش گەیشتووەتەوە سەر کوڕەکەم و تەقەیان لێکردووە و کوشتوویانە.''
 
بەگوتەی باوکی عیسا، هیچ کەس لە فەرمانی دەستگیرکردنی کوڕەکەی ئاگادار نەبووە، دەشڵێت: ''کوڕەکەی من تەنیا تەقەی هەوایی کردووە و هیچ کەسیش سکاڵای لەسەر تۆمار نەکردووە.''
 
وەک دەڵێت، کوڕەکەی کاژێر 19:30ـی ئێوارە لە ماڵ دەرچووە و چووەتە لای هاوڕێیەکی کە پاسەوانی موەلیدەیە: ''کاتێک پێیان گوتووە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە و ئاسایش دەستگیری دەکات، ترساوە و هەڵاتووە، کە هەڵاتووە ئاسایشیش تەقەی لێکردووە و بە گوللە لە سەریان داوە.''
 
ئەو گەنجە مۆڵەتی چەکهەڵگرتنی نەبووە و وەکو باوکی دەڵێت، هەر چەند رۆژێک دوای کڕینی چەکەکەی، فرۆشتوویەتەوە. "کاتی کوژرانیشی چەکی پێ نەبووە." 
 
تاوەکو ئێستاش ئاسایشی چەمچەماڵ یان سلێمانی هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر چۆنیێتیی رووداوەکە نەداوە و تەرمی گەنجەکەش گەیێندراوەتە دادپزیشکیی سلێمانی.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، ئاسایشی گشتیی سلێمانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەکات و "پێدەچێت" دواتر روونکردنەوەیەک بڵاوبکەنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە