رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەپۆلی بارانبارینەوە، لە دوێنێوە دابەشکردنی ئاوی ئیفرازی هەولێر راگیراوە. بەڕێوەبەری ئیفراز سێ دەڵێت، ئەمڕۆ ئەوان ئاو دەدەنەوە هاونیشتمانییان، بەڵام دوو ئیفرازەکەی دیکە دیارنییە کەی دەکەونەوە کار.
سێ رۆژە دوو شەپۆلی باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و دوێنێ بەهۆی زۆریی کاریگەریی شەپۆلی یەکەمەوە، لافاو دروستبوو و ئاوی زێی گەورەش شێلوو بوو.
رۆژی هەینی، ئەندازیار هیوا عەبدولڕەزاق، بەڕێوەبەری پڕۆژی ئاوی ئیفراز 3ـی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە دوێنێوە دابەشکردنی ئاو لە هەر سێ ئیفرازەکە راگیراوە.
سەرچاوەی ئاوی ئیفرازەکان ئاوی زێی گەورەیە، بەهۆی بارانبارینیشەوە سەرچاوەی ئاوەکە تەواو لێڵ بووە و پڕۆژەکان لەکار خراون.
هیوا عەبدولڕەزاق دەڵێت، جگە لەکێشەی لێڵی ئاو، کێشەی کارەبا بۆ ئیفرازەکانی یەک و دوو دروستبووە، ئەویش دوای ئەوەی بەهۆی هەورەبرووسکەوە کێشە پچڕان لە وێستگەی کارەبای کەورگ گۆسک دروستبووە.
لەبارەی کاتی بەردانەوەی ئاو، هیوا عەبدولڕەزاق گوتی، پڕۆژەی ئیفراز سێ بەکارخراوەتەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ ئاو بەردەدەنەوە بۆ ماڵان، بەڵام ئیفرازەکانی دیکە جارێ دیار نییە کەی کێشەکانیان چارەسەر دەبێت.
پڕۆژەکانی ئیفراز لە هەولێر نیوەی ئاوی خاوێنی سنووری هەولێر دابین دەکەن، تەنیا پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ سەرچاوەی سەرەکیی 40 گەڕەکی شاری هەولێرە.
جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت. بەگوتەی بەڕێوەبەری ئیفراز سێ، 50%ـی دانیشتووانی هەولێر پشت بەئاوی بیرەکان و ئاوی ژێر زەوی دەبەستن.
پرۆژەی ئاوی ئیفراز یەک ساڵی 1967؛ ئیفراز دوو ساڵی 1982 و ئیفراز سێش ساڵی 2007 کەوتوونەتە کار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ