رووداو دیجیتاڵ
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ سه‌رۆكى ئینستیتیوتی خوێندنی كورديی بەرلین کۆبووەوە و گوتی، "به رێزه‌وه له خزمه‌تى ئه‌و كوردانه‌ى دیاسپۆرا ده‌ڕوانین كه له هه‌ر بوارێكدا بێت، جێ په‌نجه‌يان دياره."
رۆژی دووشه‌ممه 16-01-2023، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له د. فریاد فازیل عومه‌ر، سه‌رۆكى ئینستیتیوتی خوێندنی كورديی بەرلین كرد كه كۆتايى ساڵى رابردوو، خەڵاتی لێهاتوويی سەرۆککۆماری ئەڵمانیاى پێبه‌خشراوه.
رۆژی 21-11-2022، خەڵاتی شایستەیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەڵمانیا لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی بەرلینەوە پێشکێکشی ئەکادیمیست و زمانزانی کورد فریاد فازڵ کرا کە مامۆستای زمانی کوردییە لە بەشی زمانە ئێرانییەکانی پەیمانگەی ئازادی بەرلین.
خەڵاتی شایستەیی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەڵمانیا لە ساڵی 1951ـەوە دەبەخشرێت و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 261 هەزار کەس وەریانگرتووە و بەو کەسانە دەدرێت کە دانیشتووی ئەڵمانیان.
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له د. فریاد فازیل عومه‌ر کردووە و گوتی، "به رێز و پێزانينه‌وه له ره‌نج و خزمه‌تى ئه‌و كوردانه‌ى دیاسپۆرا ده‌ڕوانین كه له هه‌ر بوارێكدا بێت، جێ په‌نجه‌يان دياره و مايه‌ى شانازيى كوردستانن."
فریاد فازڵ خاوەنی دوو فەرهەنگی گەورەی "ئەڵمانی-کوردی" و "کوردی-ئەڵمانی"یە بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانیی کوردی و نزیکەی 20 ساڵی بۆ ئامادەکردنیان تەرخانکردووە و، 200 هەزار وشە لەخۆدەگرێت، بە یەکێک لە سەرچاوە گرنگەکانی زمانی کوردی و ئەڵمانی هەژمار دەکرێت.
ئەو ئەکادیمیست و زمانزانە کوردە لە ساڵی 1988ـەوە ئینیستیتیوتی خوێندنی کوردی لە بەرلین دامەزراندووە و هەزاران کتێب و سەرچاوەی بە چەندین زمان تێدایە، جگە لەوە، داستانی مەم و زینی ئەحمەدی خانی بۆ هەردوو زمانی ئەڵمانی و ئینگلیزی وەرگێڕاوە و پێش ئەوەش دیوانی عەبدوڵڵا گۆرانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی ئەڵمانی و چەندین رۆمان و نووسینی دیکەی لە بواری زماندا هەیە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، نێچيرڤان بارزانى خزمه‌تى د. فریاد فازیل عومه‌ری له بوارى ئه‌كاديمى، زمان، ئه‌ده‌ب و كولتوورى كورديدا به‌رز نرخاند و هيواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.
ئەکادیمیستە کوردەکە، جگە لە زمانی کوردی و ئێرانی کۆن و ئا‌ڤێستا، عەرەبی، ئەرمەنی و ئینگلیزی و ئەڵمانی، ژمارەیەک زمانی دیکەیش دەزانێت.
لاى خۆيه‌وه، د. فریاد فازیل عومه‌ر "خۆشحاڵى و پێزانينى بۆ پێشوازى و ديدارى نێچيرڤان بارزانى ده‌ربڕى" و جه‌ختى له به‌رده‌وامى له‌سه‌ر كار و خزمه‌تى ئه‌كاديمى و بره‌ودان به زمان و كولتوورى كوردى كرده‌وه.
فریاد فازیل، لە 11-9-1950 لە گەڕەکی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو بەکالۆریۆسی لە زانکۆی بەغدا بەدەستهێناوە و لە ساڵی 1974 ماستەری لە زمانی کوردی لەو زانکۆیە وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ