دوای بەرنامەی بێستوون تۆک 500 کورسیی زانکۆ بۆ خوێندکارە کەمدەرامەتەکان دابینکرا

15-12-2023
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە زانکۆکانی نۆڵێج، قەڵەم، کتێب و نوخبە، 500 کورسیی بێبەرامبەر بۆ ئەو خوێندکارانە تەرخان دەکرێت، کە باری داراییان خراپە، سەرۆکی زانکۆی نۆڵێج دەڵێت، بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو پاڵنەری بڕیارەکەیان بووە.
 
لە بەرنامەی بێستوون تۆکی رووداو کە شەوی پێنجشەممە، 14-12-2023 پێشکێشکرا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوەی کاڵێ رێناس، خوێندکار و دانیشتووی هەڵەبجە، لە بەرنامەکەدا چیرۆکی خۆی گێڕایەوە کە بەهۆی بێ مووچەییەوە تووشی چ سەختییەک بووە و ساڵێکی خوێندنی فەوتاوە، گوتی، ''ئەو قسانەت زۆر کاریگەر بوون، بەتایبەتی بۆ من کە بەرپرسم و لێرە قسە دەکەم. ستایشی ئەو بارودۆخە سەختە دەکەم کە گەلی ئێمە لە کوردستان پێیدا دەڕۆن.''
 
 
دوای بەرنامەکە، زانکۆی نۆڵێج، قەڵەم، کتێب و نوخبە رایانگەیاند، ساڵانە 500 کورسیی بێبەرامبەری خوێندن بۆ ئەو خوێندکارانە تەرخان دەکەن کە دۆخی داراییان خراپە و تێچووی خوێندیان دەگرنە ئەستۆ.
 
د. کەیهان زرار، سەرۆکی زانکۆی نۆڵێج لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 20:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە شاهۆ ئەمین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، ''ئەوەی کە پاڵنەر بوو بۆ ئەم بڕیارە، بەرنامەی بێستوون تۆکی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، بۆیە ساڵانە لە سەرانسەری عێراق 500 کورسییەکە تەرخان دەکرێت بۆ ئەو خوێندکارانەی کە قۆناخی ئامادەییان تێپەڕاندووە، بەڵام باری داراییان خراپە و ناوی خۆیان لە هیچ زانکۆیەک تۆمار نەکردووە.''
 
د. کەیهان زرار ئاماژەی بەوە کرد، ''د. یەعقوب نەجمەدین، سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆ، کە خاوەندارێتیی هەر چوار زانکۆ دەکات، ئامادەیی خۆی بۆ لەئەستۆگرتنی کرێی خوێندنی ئەو خوێندکارانە لە ماوەی چوار ساڵی خوێندنیان راگەیاندووە و لە ئەم ساڵەوە پرۆسەکە دەستپێدەکات.''
 
سەرۆکی زانکۆی نۆڵێج لەبارەی ئەو خوێندکارەی زانکۆی هەڵەبجەش کە ساڵێکی خوێندنی لەدەستچووە گوتی، ''پەیوەندیمان بە کاڵێ رێناسەوە کردووە و تاوەکو خوێندنی تەواو دەکات مانگانە بڕێک پارەی وەکو پاڵپشتیی دارایی بۆ دابین دەکرێت، دواتر کە خوێندنی تەواو کرد دەتوانێت لە یەکێک لەو چوار زانکۆیە (قەڵەم، نۆڵێج، کتێب و نوخبە) وەکو فەرمانبەر دەستبەکار بێت و دابمەزرێت.''
 
بێستوون تۆک بەرنامەیەکی مەیدانی و شۆئامێزی تۆڕی میدیایی رووداوە، کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ، یەکەم ئەڵقەی پەخشکرا، بەرنامەکە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات. بێستوون تۆک هەوڵدەدات چارەسەر بۆ کێشەی گەنجان بدۆزێتەوە و دەنگیان بە دەسەڵاتداران بگەیێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا: 70 - 80 رۆژنامەڤان دەبەینە هەرێمی کوردستان

سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راپۆرتتێکدا باس لە وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵایان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێگەی فەرمی سەندیکاکەیان راپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەندامێکی سەندیکاکە بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا بەنیازن بە دەیان رۆژنامەڤانی ئەورووپی بێننە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە دۆخی رۆژنامەڤانان ببینن.