بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای سێواسی باکووری کوردستان روویدا

15-10-2024
دیار سلێمان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای سێواسی باکووری کوردستان بە گوڕی چوار پلەی رێختەر روویدا.
 
سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر14:17ی رۆژی سێشەممە 15-10-2024، بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی گورون سەر بە پارێزگای سێواسی باکووری کوردستان روویدا.
 
ئافاد دەڵێت، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 11.8 کیلۆمەتر بووە.
 
بە گوێرەی یڵماز شیمشەک، پارێزگاری سێواس، بوومەلەرزەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
 
لە شەشی شوباتی 2023 دوو بوومەلەرزە بەگوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر لە پارێزگای مەرەشی باکووری کوردستان روویاندا؛ بوومەلەرزەکان 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 500 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزانە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 204 کەسی دیکە برینداربوون.
 
بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
 
لە دوای بوومەلەرزەکانی 6ی شوباتەوە زیاتر لە 20 هەزار بوومەلەرزە و پاشلەرزە لە باکووری کورستان و تورکیا تۆمارکراون کە گەورەترینیان بەگوڕی 6.4 پلەی رێختەر لە پارێزگای هاتای تورکیا بوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە