رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک جووتیاری مەخموور بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە دژی سوپای عێراق، رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکە و هەولێریان داخست و رایانگەیاند، بۆ گواستنەوەی هەر تۆنێک گەنم یان پەینی کیمیایی، سوپای عێراق 50 هەزار دیناریان لێوەردەگرێت.
رۆژی یەکشەممە 15-10-2023، بەشێک لە جووتیارانی مەخموور بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر سوپای عێراقی گردبوونەوە و رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکە و هەولێریان داخست، ئەوەش بەهۆی رێگریکردنی سوپاکە بۆ گواستنەوەی پێداویستییەکانی کشتوکاڵیی جووتیاران بۆ سەر زەوییەکانیان.
جووتیارانی مەخموور دەڵێن، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر سوپای عێراقی رێگە نادات جووتیارانی ئەو ناوچەیە بە ئازادی پێداویستییەکانی کشتوکاڵیی خۆیان بۆ سەر زەوییەکان بگوازنەوە، لە بەرامبەر گواستنەوەی هەر تۆنێک گەنم [بنەتۆ] یان پەینی کیمیایی، زیاتر لە 50 هەزار دیناریان لێوەردەگیرێت.
یەکێک لە جووتیاران بە (رووداو)ی گوت، ''بۆ گواستنەوەی پەینی کیمیایی بۆ سەر زەوییەکانمان نامەی قایمقام و هەواڵگری دەهێنین، بەڵام قبووڵی ناکەن، پارەش بدەین قبووڵی دەکەن، بۆ کوێی دەبەین؟ دەوڵەتێکی دیکە؟ لەکاتێکدایە پەینەکە مانێفیست و پسووڵەی هەیە.''
مانگی تشرینی یەکەم، وەرزی چاندنی گەنمە و جووتیاران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر ئێستا پەینی کیمیاییان پێ نەگات، ناتوانن دەست بە چاندنی گەنم بکەن.
جووتیارێکی دیکە دەڵێت، ''هەر تەنیا گەنم و پەینی کیمیایی نییە و ئەگەر دوو ئاژەڵت پێ بێت، کە رۆژی سێشەممە و هەینی بازاڕە، رێگە بە هێنانی ئاژەڵەکان نادرێت، ئەگەر کەسێکیش ئاژەڵەکەی هێنا و بۆی نەفرۆشرا، ناتوانێت لەگەڵ خۆیدا بیباتەوە و دەبێت لێرە لەلای هاوڕێیەکی خۆی دایبنێت.''
یەکێکی دیکە لە جووتیاران داوای ئەوە دەکات حکومەت هاوکاریان بێت و باسی لەوەش کرد، ''ئەو رێگریکردنە بۆ هەموو جووتیاران هەیە، بۆ عەرەبەکانیش هەیە کە لە هەولێر ئاژەڵیان کڕیوە و ناتوانن بیهێننەوە بۆ مەخموور، ئەوان [حکومەتی عێراق] لەبری ئەوەی یارمەتیی جووتیاران بدەن، بوونەتە زەحمەت بۆیان، ئەگەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەمساڵ ناتوانین دانەوێلە بچێنین.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ