لە هەرێمی کوردستان یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ.) دەکرێتەوە

15-09-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان یادی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ.) دەکرێتەوە، پەیامنێری رووداو لە دهۆک دەڵێت: ''بەو بۆنەیەوە خواردن بۆ زیاتر لە 23 هەزار کەس ئامادە دەکرێت.'' 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15-09-2024، بەرامبەر بە 12ـی رەبیعی یەکەم بەپێی رۆژژمێری کۆچی، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامە (دروودی خوای لەسەر بێت) و بەو بۆنەیەوە لە شارە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان رێوڕەسم و فێستیڤاڵی ئایینیی جۆراوجۆر بەڕێوەچوون.
 
 
''کوردستان و هەولێر شوێنی پێکەوەژیانن''
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە هەولێر دوو رێوڕەسمی جیا بەڕێوەدەچن کە یەکێکیان کاژێر 10:00ـی بەیانی لە بەردەم قەڵای شارەکە دەستیپێکرد و چەند چالاکییەکی تێدا کرا. 
 
هەر لە رێوەڕەسمەکەدا، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''کوردستان و هەولێر بەتایبەتی، شوێنی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەکانە.''
 
پشتیوان سادق گوتی: ''ئەوە کولتووری جوانی خەڵکی کوردستانە کە لە فێستیڤاڵە ئایینییەکان و رێوڕەسمی مەولووددا بەشدار بن و هەموومان شانازی پێوە دەکەین؛ بۆیە پێویستە ئەو ئارامییەی لە سایەی خوێنی شەهیدان و پێسمەرگە قارەمانەکان لە کوردستان هەیە، وەکو چاومان بیپارێزین و بەرەوە پێشەوەی ببەین.''
 
رێوەڕەسمی دووەمیش لە شاری هەولێر، بڕیارە کاژێر 13:30 لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا بەڕێوەبچێت و مامۆستایانی ئایینی و خوێندکارانی سەرکەوتووی کۆلێژە ئایینییەکان تێیدا بەشدار بن کە بەشێکیان خەڵاتی رێزلێنانیان پێدەبەخشرێت.
 
 
لە هەولێر خوێن دەبەخشرێتە بانکەکانی خوێن
 
هاوکات ئەمڕۆ کۆمەڵەی خوێنبەخشانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام هەڵمەتێکی خوێنبەخشینیان رێکخستووە و بڕیارە 100 کەس لە ئەندامانی کۆمەڵەکە بۆ بەخشینی خوێن سەردانی بانکی خوێنی هەولێر بکەن.
 
ئەبو قەهار عەلی، سکرتێری کۆمەڵەی خوێنبەخشان بە رووداوی گوت: ''هەموو ساڵێک لەو رۆژەدا وەکو وەفایەک بۆ پێغەمبەری ئیسلام هەڵمەتی خوێنبەخشین دەکەین.''
 
هاوکات خوێنبەخشێک بە فەرهاد دۆڵەمەڕی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: ''لەم رۆژەدا وەکو ئەرکێکی نیشتمانی هاتووین کە خوێن ببەخشین.''
 
لە سلێمانی لەبری مۆسیقا قورئان بڵاودەکرێتەوە
 
لە سلێمانیش رێوڕەسم و چالاکییەکان لە بەردەم دەرگەی سەرای شار و چەند شوێنێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. پێشەوا بەختیار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێت: ''لە شاری سلێمانی لە تەکیە و خانەقاکان یادی مەولوود دەکرێتەوە.''
 
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە بەر دەرگەی سەرای شار تاوەکو کاژێر 12:00، قورئان و سرودی ئایینی پەخش دەکرێت و ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییان بەشداریی رێوڕەسمەکەیان کردووە.
 
لە بازاڕی مۆسیقاکەی سلێمانی ئەمڕۆ لەبری مۆسیقا، دەنگی قورئان دەبیسترێت. دووکانداران شیرینییان بەخشیوەتەوە. پێشەوا بەختیار گوتی: ''لە زۆربەی دووکان، بازاڕ و چایخانەکان، خواردن و خواردنەوە کراونەتە خۆرایی و شیرینی دابەشکراوە.''
 
مامۆستایەکی ئایینی کە بەشداریی رێوڕەسمەکەی بەر دەرگەی سەرای شاری کردووە بە رووداوی گوت: ''بەو پەڕی خۆشییەوە لەم شوێنە گشتییەدا کۆبووینەتەوە و بۆ رۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی محەممەد (دروودی خوای لەسەر بێت) جەژن دەگێڕین.'' 
گوتیشی، ''گەلی کورد پێویستی بە ئەوەیە کە لەم رۆژەدا برایەتی بکات، نەک ئەوەی کە دڵی یەکدی بهێشێنین.''

 

 
لە دهۆک خواردن بۆ زیاتر لە 23 هەزار کەس ئامادە دەکرێت
 
هاوکات لە چەند شوێنێکی پارێزگای دهۆکیش یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام کرایەوە. هونەر رەشید، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: ''لقی 1ـی پارتی دیموکراتی کوردستان پشکی شێری چالاکییەکانی لە ئەستۆ گرتووە کە لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە هەر 16 لیژنەی پارتی بە کادرەکانیانەوە سەردانی بانکی خوێنیان کردووە و خوێنیان بەخشیوە.''
 
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لە کاژێر 12:30 تاوەکو 14:00، لقی سمێلی یەکێتیی ئافرەتانی کوردستان، نزیکەی 200 ئافرەت بۆ خواردنی نیوەڕۆ میوانداری بکات.
 
پەیامنێری رووداو گوتی، کاژێر 17:00 بە بۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) لە پارکی نەورۆزی دهۆک چالاکییەک بەڕێوەدەچێت کە تێیدا سرود و قورئان دەخوێندرێتەوە و دواتر خواردن بۆ 15 هەزار کەس ئامادە دەکرێت.
 
 
هەروەها لە پارکی فەراشینی قەزای سێمێلیش بڕیارە خواردن بۆ هەشت هەزار کەس ئامادە بکرێت.
 
هاوشێوەی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بەشێک لە دووکان، خواردنگە و چایخانەکانی دهۆکیش، بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام خواردن و خواردنەوە کراونەتە خۆڕایی.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا.

سەندیکای رۆژنامەنووسانی یەکێتیی ئەورووپا: 70 - 80 رۆژنامەڤان دەبەینە هەرێمی کوردستان

سەندیکای رۆژنامەڤانانی یەکێتیی ئەورووپا، لە راپۆرتتێکدا باس لە وردەکاریی سەردانی شاندێکی باڵایان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و لە پێگەی فەرمی سەندیکاکەیان راپۆرتێکیان لەبارەی سەردانەکە بڵاوکردووەتەوە. ئەندامێکی سەندیکاکە بە رووداوی راگەیاند، لە داهاتوودا بەنیازن بە دەیان رۆژنامەڤانی ئەورووپی بێننە هەرێمی کوردستان و لەنزیکەوە دۆخی رۆژنامەڤانان ببینن.