رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو لە سنووری قەزای شارەزوور گەنجێک کوژرا. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، دەستگیراوە بەسەر ئەو چەکەی تاوانەکەی پێکراوە.
گەنجەکە ناوی رەهەند ئاکۆیە و تەمەنی 16 ساڵە. هەواڵەکە لە سۆشیاڵ میدیا بە جۆرێک بڵاوکراوەتەوە، گوایە بەهۆی تەقەی خۆشی دوای یاریی نێوان ئیسپانیا و ئینگلتەرا بووە؛ بەڵام رزگار غەفوور، قایمقامی شارەزوور ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رووداوەکە لە دەرەوەی شار بووە و پەیوەندیی بە تەقەی خۆشییەوە نییە."
رووداوەکە نزیک کاژێر 12:00ی شەوی رابردوو روویداوە. قایمقامی شارەزوور ئاماژەی بەوە کرد، رەهەند ئاکۆ بە گولـلەی دەمانچە کوژراوە. گوتیشی، "دەمانچەکە دەستی بەسەردا گیراوە، بەڵام تۆمەتبار هەڵاتووە."
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەوە رزگار غەفوور گوتی، ئەوەی دەزانن ئەوەیە کە بەهۆی تەقەی خۆشییەوە نەبووە، بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی رووداوەکەش هێزە ئەمنییەکان لێکۆڵێنەوەیان دەستپێکردووە.
گەنجەکە دانیشتووی قەزای شارەزوورە، بەڵام دوای رێکارە کارگێڕییەکان تەرمەکەی دەبرێتە قەزای دەربەندیخان.
سلێمان محەممەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆسێی کوشتنی ئەو گەنجە لە شارەزوورە و ئەوەی پەیوەندی بە دەربەندیخانەوە هەیە بەخاکسپاردنیەتی، چونکە ئەو گەنجە لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندێکی ناوچەکەمانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ