رووداو دیجیتاڵ
لە رێگەی شنۆ - پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەهۆی پێکدادانی سێ ئۆتۆمبێلەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون. بەڕێوەبەری تەندروستیی شنۆ دەڵێت، دۆخی تەندروستیی دوو لە بریندارەکان ناجێگیرە.
حەسەن زرزا، بەڕێوەبەری تەندروستیی شاری شنۆی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، سێ ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پراید، پیژۆ 405 و سەمەند لە رێگەی نێوان پیرانشار و شنۆ پێکیاندادا کە بەهۆیەوە دەستبەجێ کەسێک گیانی لەدەستدا و 9ی دیکەش بریندار بوون.
کەمێک دوای رووداوەکە، بریندارێکی دیکە کە دۆخی تەندروستی ناجێگیر بوو، گیانی لەدەستدا.
حەسەن زرزا ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شاری شنۆ لە ژێر چاودێریی پزیشکیدان و دۆخی تەندروستیی دووانیان ناجێگیرە.
ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانلەدەستدەدەن.
7ـی نیسانی 2024، ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە 15-3-2023ەوە تاوەکو ئەو کاتە، 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و لە ئەنجامدا 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ