رووداو دیجیتاڵ
پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی بەربژێرانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە پارێزگای هەولێر ئامادە کردووە. بەربژێرێکیان دەڵێت، "بەگوێرەی پلان، ئەمڕۆ ناوەکان دەدرێتە کۆمیسیۆن."
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، لیستی ناوەکان 67 بەربژێرە بۆ سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لەنێویاندا 48 پیاو و 19 ژن هەن.
بەرپرسێکی باڵا لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو کاژێر 11:40ی پێش نیوەڕۆ، پارتی دیموکراتی کوردستان لیستی ناوەکانی رادەست نەکردبوو."
لیستی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر زۆرینەیان بڕوانامەیان هەیە کە خاوەن بەکالۆریۆس، دیپلۆم، ماستەر و دکتۆران.
یەکێک لە بەربژێرەکانی پارتی لە پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوە دوایین لیستی حیزبەکەمانە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێشکێشی کۆمیسیۆن دەکرێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ وادەی پێشکێشکردنی لیستی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت و بەربژێرانی تاکەکەسی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی دێت.
مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بۆ درێژکردنەوە یان کۆتاییهاتنی وادەکە، دەبێت چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بین کە ئێستا لە کۆبوونەوەدان."
بە گوتەی مەروان محەممەد، لە کۆی ئەو 11 حیزب و دوو هاوپەیمانییە کە پێشتر لە رێگەی لقی هەولێری کۆمیسیۆن خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دەربڕیوە، دوو حیزب ماون کە لیستی بەربژێرانیان پێشکێش نەکردووە.
سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆی 31 بەربژێری سەربەخۆ کە پێشتر خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیبوو، 25یان لیستی ناوەکانیان داوەتە کۆمیسیۆن.
مەروان محەممەد ئاماژەی بەوەش کرد، لە 14 بەربژێری تورکمانیش 12یان پێداویستییەکانی خۆیان گەڕاندووەتەوە کۆمیسیۆن و مامەڵەکانیان تەواو کردووە، هەروەها 6 بەربژێری کریستیانیش لە کۆی 7 بەربژێر، لیستی ناوەکانیان گەڕاندووەتەوە.
26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ