پۆلیسی ورمێ: کەسێکمان دەستگیر کرد زیاتر لە 2 ملیۆن دۆلاری خەڵکی بردووە

15-07-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، کەسێکیان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارە بە بردنی 136 ملیار تمەنی 510 کەس لە دانیشتووانی ئەو پارێزگایە.
 
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ژمارەیەک کەسەوە سکاڵا تۆمار کرا، گوایە کەسێک بەناوی وەبەرهێنانەوە خەڵکی فریوداوە و بڕێکی زۆری پارەی لێوەرگرتوون و دواتر خۆی شاردووەتەوە.
 
رەحیم جەهانبەخش گوتی، دوای ئەو سکاڵایانە لێکۆڵینەوەی تیمەکانی پۆلیس لەبارەی دۆسیەکە دەستیپێکرد؛ گوتیشی، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە کەسێک بەناوی وەبەرهێنان و پێدانی قازانجەوە بڕی 136 ملیار تمەن کە دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن و 344 هەزار دۆلار لە 510 کەس وەرگرتووە و دواتر خۆی شاردووەتەوە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ،  تۆمەتبارەکە لە لایەن هێزەکانیانەوە دەستگیرکراوە و رادەستی لایەنە دەسەڵاتی دادوەری کراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە