وەزیری داد: بە چاکسازییەکانمان 58 ملیار دینارمان بۆ حکومەت گەڕاندووەتەوە

15-07-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی سێ ساڵدا وەزارەتەکەی توانیویەتی لە رێگەى چاکسازى و رێکخستنى کارى ئیدارییەوە زیاتر لە 58 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت، دەشڵێت لە رێگەی تاپۆکانەوە پێنج ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆر کراون.
 
رۆژی هەینی، 15-7-2022، فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە کۆمەڵێک ئامار و داتای خستووەتەڕوو. کە تێیدا هاتووە: "وەزارەتی داد کە لە 225 فەرمانگە و 4 هەزار و 404 فەرمانبەر پێکدێت، لە ساڵی 2021 لە کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە رێگەى چاکسازى و رێکخستنى کارى ئیدارییەوە زیاتر لە 58 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.''
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 473 ئەندامی داواکاریی گشتی لە لیژنەی جیاجیا دانراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و لێپرسینەوە لە فەرمانبەرانی سەرپێچیكار و كەمتەرخەم. هەروەها ليژنەیەکی تایبەت بۆ بەدواداچوونی سکاڵای هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە رێگەی سۆشیاڵمیدیا، ئیمەیل، تەلەفۆن، سندووقی سکاڵا دەستبەکاربووە و هەر لەم ماوەیەدا 13 ناوەندى توێژینەوە و تێبینەرى تۆمارکردنى خانووبەرە و دادگە و بەڕێوەبەرایەتى و بەش و فەرمانگەیان کردووەتەوە بۆ خزمەتگەیاندنى زیاتر بە هاووڵاتییان.'' 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی داد لەو سێ ساڵەدا 1726 سەردان و بەدواداچوونیان هەبووە و کار لەسەر 75 تانە لە بەرژەوەندیی یاسا کراوە و 464 دۆسیە یەکلاکراونەتەوە و 1363 سكاڵای داوای مافی گشتی لە دادگەکان جووڵێندراون و بەدواداچوونیش بۆ 1673 كێشەی کۆمەڵایەتی و زێدەڕۆیی و سەرپێچی كراوە.
 
سەبارەت بە ئەنجوومەنی شوورا، فەرسەد ئەحمەد، وەزیری داد رایگەیاندووە: ''ئەنجوومەنی شورا چەندین چالاکیی یاسایی هەبووە، لەوانە 61 پڕۆژەیاسا و 69 رادەربڕین و 25 پەیڕەو و 44 رێنوێنی دەرکراوە و کار لەسەر زیاتر لە 1700 داواى کارگێڕی و دەستەی ئینزباتیی فەرمانبەران کراوە. دەستەی سەرپەرشتیاریی دادیش کە پێشتر 10 سەرپەرشتیار بوون، لەم كابینەیەدا کراون بە 14 سەرپەرشتیار.''
 
لەبارەی پەیمانگەی دادوەریشەوە وەزیری داد باسی لەوەکردووە لە کابینەی نۆیەمدا دوو خول بە بەشداریى 120 کەس کراوە، کە تێیدا 47 دادوەر و 12 ئەندامى داواکارى گشتى دامەزرێنراون.
 
سەبارەت بە تۆماركردنی خانووبەرەش، بەپێی ئامارەکە لەم سێ ساڵەدا هەزار و 877 تۆماری هەمیشەیی بە ئەلیكترۆنی كراون، كە زیاتر لە 750 هەزار مامەڵە لەخۆ دەگرێت، هەروەها سەرجەم تۆمارە كەسییەكان كە ژمارەیان 828 تۆمارە، بە ئەلیکترۆنى کراون، هاوکات لە 11 فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وێنەی تۆمار (صورە قید) بە ئەلیكترۆنی کراوە و 55 هەزار کارتى زەوی گۆڕاوە بۆ سەنەد و ئامادەكاری كراوە بۆ تۆماركردنی 190 هەزار یەكەی نیشتەجێی وەبەرهێنان. رەزامەندیش دراوەتە  373 نووسینگەی فرۆشتنی خانوو و زەوی، بەمەش، تاپۆ نزیكەی 5 ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆری تێدا کراوە."
 
فەرسەت ئەحمەد لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت گەورەترین پڕۆسە کە لە سەرتاسەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان جێبەجێکرابێت لە فەرمانگە دادییەكان بووە، کە بەگوتەی ئەو: "بریتییە لە پڕۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەكانی دادنووسییەکان و تائێستا لە کۆی 68 فەرمانگە، 57 فەرمانگەیان بەئەلیكترۆنی كراون، بەمەش هەم خزمەتگوزارى گەورە پێشکەشی هاووڵاتیان کراوە و هەمیشە لە ڕووى شێوە و کارکردنەوە سیستەمێکى مۆدێرن و سەردەمیانە خراوەتە بەردەم هاووڵاتیان.''
 
بەگوتەی وەزیری داد لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم، 4 هەزار و 158 دۆسیە وردبینی كراون و ئەژماری بانكی بۆ 2 هەزار و 599 فەرمانبەر كراوەتەوە و زیاتر لە 120 زیادەی پلە و سەرمووچە چارەسەر کراون و هەر لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بڕى زیاتر لە 14 ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو راپۆرتی لەسەر خێزانەکە کردووە.

بەرپرسیار؛ چوار کەس لە خێزانێکی پێنج کەسی شێرپەنجەیان گرتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

چوار ئەندامی خێزانێکی پێنج کەسی لە دهۆک نەخۆشی شێرپەنجەیان هەیە و لە دۆخێکی سەختدان. بەپێی راپۆرتی پزیشکی، چارەسەریان لە سەنتەرێکی تایبەتمەند لە دەرەوەی وڵات دەکرێ، ئەوەش لە توانای ئەو خێزانە کەمدەرامەتە دا نییە.