رووداو دیجیتاڵ
سبەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە و بەو هۆیەوە لە دەروازە سنوورییەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە بۆ ماوەی 24 کاژێر ئاڵوگۆڕی بازرگانی بە تەواوی رادەگیرێت و لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانیشەوە تەنیا رێگەی بازرگانی بە بارهەڵگری ترانزێت دەدرێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، سبەی لە هەر سێ دەروازە نێودەوڵەتییەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووچۆی گەشتیاران بەردەوام دەبێت.
مەریوان کەریم، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەوەی رادەگیرێت ئاڵوگۆڕی بازرگانییە و بۆ ماوەی 24 کاژێر دەبێت.
هەروەها دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "بازرگانان، شۆفێران، نووسینگە و کاسبکارانی دەروازەکەمان ئاگادار دەکەینەوە کە یەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز هاتووچۆی بازرگانی بۆ ماوەی 24 کاژێر رادەگرێت".
لەبارەی دەروازەی حاجی ئۆمەرانیشەوە، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەکە ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "24 کاژێر هاتووچۆی بازرگانی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە رادەگیرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە دەچنە دیوی ئێران بۆ بارهێنان، بەڵام هاتووچۆی بازرگانی بە ترانزێت بەردەوام دەبێت".
دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانیدان و دەروازەی حاجی ئۆمەرانیش لە سنووری پارێزگای هەولێرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ