رووداو – هەولێر
یەکەمین حاجیی کورد لە وڵاتی سعودیە لەکاتی بەجێهێنانی ئەرکەکانیدا کۆچی دواییکرد، کە ژنێکی خەڵکی هەولێرە.
بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە 15ی حوزەیران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو هاونیشتمانییەی گیانی لەدەستداوە ژنێکە ناوی رازیەیە و خەڵکی شاری هەولێرە."
ئەو ژنە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە گەشتی سعودیەی بۆ حەج نەکردووە و بە "ڤیزەی یەک ساڵی" چووەتە ئەو وڵاتە. بەرپرسەکەی ئەوقاف گوتی، "چونکە ئەو ژنە ناوی لە وەزارەت تۆمار نەکردووە، جارێ زانیاریی ورد لەبارەی ناسنامەکەی و چۆنێتی رووداوەکە نازانن."
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی زیاترن لەسەر ناسنامەی ئەو هاونیشتمانییە و هۆکاری مردنەکەی.
ئەم ساڵ 4685 هاونیشتمانی لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە وڵاتی سعودیە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج. جیا لەو ژمارەیە، کۆمەڵێک هاونیشتمانی بە "ڤیزەی یەک ساڵی" بە هەمان ئامانج چوونەتە سعودیە، بەڵام ژمارەیان نازاندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ