کۆمەڵەی میوانخانەکانی هەولێر: سبەی رێستۆرانتەکان بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران کراوە دەبن

15-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سبەی یەکەم رۆژی جەژنی قوربانە. سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر دەڵێت، بە هاوئاهەنگیی لایەنەکانی دیکە، ئامادەکارییان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کردووە و زۆربەی چێشتخانە و رێستۆرانتەکان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کراوە دەبن.
 
زیرەک بیا ئیلیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر شەممە (15-06-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەگەڵ گەشتوگوزاری هەولێر، پارێزگاری هەولێر و لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە گفتوگۆیان کردووە و ئامادەکاریان بۆ  پێشوازی لە هەموو ئەو گەشتیارانە کردووە، کە بۆ پشووەکانی جەژنی قوربان لە باشوور و نێوەڕاستی عێراقەوە دێنە هەولێر.
 
لە سنووری پارێزگای هەولێر، نزیکەی 400 هۆتێل و مۆتێل، 200 کافتریا و 600 چێشتخانە و رێستۆرانتی میللی و گەشتیاری هەن. 
 
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر دەڵێت "چێشتخانە و رێستۆرانتەکان ئامادەکاریی تەواویان کردووە سبەی لە پێشوازی گەشتیاراندا دەبن، رێستۆرانتمان هەیە لە یەک کاتدا دەتوانێت پێشوازی لە سێ هەزار گەشتیار بکات." 
 
ساڵانە لە بۆنەکاندا گەشتیاری زۆر سەردانی هەولێر دەکەن و، زۆر جار گلەیی لە بەرزیی نرخەکان دەکەن. زیرەک بیا ئیلیا دەڵێت "لە هەموو جیهاندا لەکاتی بۆنەکان، نرخ کەمێک بەرز دەبێتەوە، بەڵام لێرە چونکە گرووپی گەشتیاری دێن و پێشوەختە هۆتێلەکان دەگرن، بەوشێوەیە بەرز نابێتەوە."
 
سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان لە هەولێر گوتیشی، لە سنوورەکە چەند جۆرێک چێشتخانە هەن و ئەوانەی کرێ و باجی زیاتریان لەسەرە، "کەمێک نرخیان بەرزترە و چێشتخانەش هەیە نرخی ئاسایی و هەرزانە، گەشتیار بە دڵی خۆی دەتوانێت یەکێکیان هەڵبژێرێت." 
 
بەگوێرەی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بۆ رووداو، پێشبینی دەکەن بۆ رۆژانی جەژنی قوربان زیاتر لە 300 هەزار گەشتیاری پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
لە جەژن و بۆنە گشتییەکاندا هەزاران گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن. بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ساڵی 2023، حەوت ملیۆن و 279 هەزار و 913 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە؛ زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار سەردانیکاریش وەکو گەشتیاریی نێوخۆیی تۆمارکراون.
 
هەر بەگوێری دەستەی گەشتوگوزار، ساڵی 2022، شەش ملیۆن و 35 هەزار و 57 کەس و ساڵی 2021 چوار ملیۆن و 189 هەزار و 596 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
 
لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی دوو هەزار و 500 شوێن بەناونیشانی بنکەی گەشتیاری تۆمارکراون کە زۆرینەیان هۆتێل، رێستۆرانت و کافتریان.

 

ئەو شوێنانەی وەکو بنکەی گەشتیاریی تۆمارکراون بەم شێوەیەن:
 
- 468 هۆتێل
- 267 مۆتێل 
- 33 کۆمەڵگەی گەشتیاری 
- 20 گوندی گەشتیاری 
- توانای وەرگرتن- ژمارەی قەرەوێڵە: 63 هەزار و 682
- 524 چێشتخانە - رێستورانت 
- 657 کافتریا
- 518 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''