رووداو دیجیتاڵ
موعین تۆفیق پوور، کاسبکارێکی ناوچەیەکی سنووریی سەر بە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دوێنێ بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژرا. تەنیا لەم مانگەدا شەش کەس لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە گوللـەی هێزەئەمنییەکان کوژراون.
بەپێی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوانیوەڕۆی سێشەممە، 14ـی ئایاری 2024، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناوچەیەکی سنووریی شاری بانەی سەر بە پارێزگای سنە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کورد بە ناوی موعین تۆفیق پوور، تەمەن 24 ساڵ کردووە و بەهۆیەوە کوژراوە.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت، "هێزەکانی ئێران ناوبراویان لە نێو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە جۆری تۆیۆتا بەبێ هۆشداریی پێشوەخت و بە بیانووی گواستنەوەی کەلوپەلی قاچاخ دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی لەدەستداوە."
تەرمی ئەو کاسبکارە کوردە بۆ نەخۆشخانەی بانە گوێزراوەتەوە و تائێستا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.
موعین تۆفیق پوور، خێزاندارە و خەڵکی گوندی چۆمانی سەر بە شاری بانەیە.
لە سەرەتای مانگی ئایارەوە تاوەکو ئێستا شەش کەس لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، دووانیان کاسبکار و چوار کەسیش کۆڵبەرن.
لە مانگی نیسانیشدا لانیکەم چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و 33 کۆڵبەریش بریندار کراون.
لە مانگی ئادار لانیکەم 13 کۆڵبەر و کاسبکار گیانیان لەدەستداوە کە چوار کەسیان بە تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران، چوار کەس بەهۆی کەوتن لە بەرزاییەکانەوە، دوو کەس بەهۆی رەقبوونەوە، کەسێک بە جەڵتەی دڵ و دوو کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ بوو، هەروەها لەو مانگەدا 78 کۆڵبەریش بریندار ببوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ