رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، 15 کەسیان بە تۆمەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن دەستگیر کردووە و سەرجەمیان دراون بە دادگە.
رائید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەو کەسانە لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگدا دەستگیر کراون و سەرجەمیان لە رەگەزی نێرن."
هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ لە خەڵک، "سووکایەتی" و بێڕێزی بە خەڵک و بەها کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان ئەو تۆمەتانەن کە بەگوێرەی مادەی 2 لە یاسای (خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن) ئەو کەسانەی پێ دەستگیر کراون.
رائید ئەحمەد رەمەزان دەڵێت، "لەنێو تۆمەتبارەکاندا کەسانێکیش هەبوون هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکیان دزیوە؛ چونکە لێرە هاککەرمان نییە و ئەوەی هەیە لە نەشارەزایی خەڵک ئیمەیڵەکانیان دەدزن و دەچنە هەژمارەکانیانەوە."
لەنێو ئەوانەی هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆیان لێ کراوە و ئەوانەشی هەژمارەکانیان "دزراوە،" ئافرەت هەن.
گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ گوتی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ئەو 15 کەسە کراوەتەوە و لە بەردەستی دادوەردایە.
هەر تۆمەتبارێک مادەی 2 لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی بەسەردا بسەپێت، سزاکەی ماوەیەک بەندکردنە کە لە شەش مانگ کەمتر و لە پێنج ساڵ زیاتر نابێت، بە پێبژاردنێکیش سزا دەدرێت لە ملیۆنێک دینار کەمتر و لە پێنج ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت، یان یەکێک لەو دوو سزایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ