رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، باس لە گرنگی پشتیوانیی هەرێمی کوردستان لە کەرتی وزەی عێراق و هەروەها پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکیدا دەڵێت، جۆفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە لەدوای سەردانەکەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێریش دەکات، لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، پایت لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوتوێی ئەو دەرفەتانە دەکات کە پشتیوانی لە هەنگاوی گواستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو وزەی پاک دەکەن و هەروەها "باس لە گرنگی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی سەرچاوەی گازی سروشتی بۆ سەربەخۆیی عێراق (لە رووی وزەوە) دەکەن".
هەروەها یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرچاوەکانی وزە لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان باس لە پرسی ''دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن لە رێگەی بۆری عێراق - تورکیا، ئەمەش بە مەبەستی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی رووسیا بۆ ئەوروپا".
ئەم سەردانەی جۆفری پایت بۆ هەولێر لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەپرسانی باڵای دیکەی عێراق کۆبووەوە و تاوتوێی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی عێراقیان لە رووی وزەوە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ