رووداو دیجیتاڵ
دەنگی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە ئامەدی باکووری کوردستان، ئەو دەنگەی تێپەڕاند کە لە ئیزمیری قەڵای جەهەپە بەدەستیهێنا.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، کڵچدارئۆغڵو لە ئامەد 71.88٪ـی دەنگی بەدەستهێناوە، ئەوە لە کاتێکدایە لە ئیزمیر کە ساڵانێکی زۆرە بە قەڵای جەهەپە ناسراوە، 62.82٪ـی دەنگی بەدەستهێناوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ئامەد کە 83.7٪ـی سندووقەکان کراونەتەوە، ئەنجامە بەراییەکان بۆ دابەشبوونی کورسییەکانی پەرلەمان بەمشێوەیەیە: پارتی چەپی سەوز(یەسەپە) 62٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و 8 کورسی پەرلەمانی بردووەتەوە؛ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) 24٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و سێ کورسی پەرلەمانی بردووەتەوە.
هەر بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، دوای 21 ساڵ، بۆ یەکەمینجار لە ئامەد لەسەر لیستی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) پەرلەمانتارێک دەچێتە پەرلەمان و باس لە سەرکەوتنی سەزگین تانریکوڵو دەکرێت.
لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی ساڵی 2018، ئاکپارتی لە ئامەد 178 هەزار و 710 دەنگی بەدەستهێنا و لە کۆی 12 کورسیی ئامەد 3 کورسی پەرلەمانی بردەوە، هەدەپە 556 هەزار و 594 دەنگی بەدەستهێنا و 9 کورسییەکەی دیکەی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ