رووداو - هەولێر
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری دروود لە پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لافاوی رۆژانی رابردوو زیانی بە هەزار و 500 هێکتار لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو شارە گەیاندووە.
موحسین ئەکبەر، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شاری دروود لە پارێزگای لوڕستان، ئەمڕۆ شەممە گوتی، لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی لافاوەکە کۆتایی نەهاتووە و لە رۆژانی داهاتوودا قەبارەی زیانەکە دیاری دەکرێت.
بەگوتەی موحسین ئەکبەری، چەند رۆژێک پێش بارانبارینەکە، جووتیاران، کۆچەرییەکان، مەڕدارەکان، خاوەن نەمامگە و حەوزەکانی ماسی ئاگادار کرابوونەوە کە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.
میهران ئەمیری، بەڕێوەبەری دامەزراوەی دابەشکردنی کارەبای پارێزگای لوڕستان، رۆژی هەینی رایگەیاند، بەهۆی با و بارانەوە کارەبای 267 گوند بڕابوو، بەڵام تاوەکو دوێنێ ئێوارە توانرا کێشەی کارەبای هەمووی ئەو گوندانە چارەسەر بکرێت و کارەبا دابین بکرێتەوە.
لە رۆژانی رابردوودا بەهۆی بارانبارینەوە، ئاستی ئاوی رووبارەکانی پارێزگای لوڕستان زیادی کرد و لافاو دروستبوو، بەڵام لافاوی ئەمجارە زیانی گیانی بەدواوە نەبوو.
بەهاری ساڵی 2019 لە پارێزگای لوڕستاندا لافاو دروستبوو کە زیانی گیانی و ماددی بەدواوە بوو و ترسی ئەوە لە ئارادا بوو کە ئەمجارەش ئەزموونی ساڵی 2019 دووبارە ببێتەوە. ئەو کات لافاو شارەکانی خوڕماوە، مەعمولان، کودەشت، پۆلدوختەر، نووراباد و دورودی گرتەوە.
بەپێی ئاماری فەرمی، لە لافاوی بەهاری ساڵی 2019دا لانیکەم 15 کەس گیانیان لەدەستدا، 256 کەس بریندار بوون و 72 هەزار خانووش رووخان یان زیانیان بەرکەوت. لافاو هەروەها زیانی زۆری بە پرد و رێگەکانیش گەیاند.
بەڵام ئەمساڵ بۆ رێگری لە زیانەکان، هەندێ لەو گوندانەی مەترسییان لەسەر بوو، چۆڵ کران و دانیشتووانەکانیان بۆ شوێنی جێگەی دڵنیایی راگوێزران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ