هیچ كریستیانێك سكاڵای لەسەر داعش تۆمار نەكردووە

15-04-2015
یودیت نیورینگ
نیشانەکردن کریستیان ئێزدی داعش سکاڵا
A+ A-

رووداو- دهۆك

حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستەیەكی تایبەتی بۆ لێكۆڵینەوە و دۆكۆمێنتكردنی تاوانەكانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەرامبەر بە كوردی ئێزدی لە ناوچەی شنگال و ناوچە كوردییەكانی دیكەی دەرەوەی دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دامەزراندووە.


"دەستەكە سوود لە هەوڵە هاوشێوەكانی كۆسۆڤۆ، رواندا و دارفۆر وەردەگرێت بۆ ئەوەی هەڵەی رابردوو دووبارە نەبنەوە". ئەمە قسەی دادوەر ئەیمەن مستەفایە كە لە مانگی ئەیلولەوە سەرۆكایەتی دەستەكەی لە شاری دهۆك پێ سپێردراوە.

ئەیمەن مستەفا، تەمەن 38 ساڵ، لێكۆڵینەوەی تاوانی لە بەریتانیا خوێندووە، هەروەها لە كۆریای باشوور داڕشتنی یاسای گشتی خوێندووە. دوای 15 ساڵ وەكو لێكۆڵەری تاوانكاری، ئێستا ئەو دادوەری دادگای سەرەتایی دێرەلووكە.

ئەیمەن دەڵێت شاڵاوی ئەنفال، تاوەكو ئێستاش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا وەكو جینۆساید نەناسێنراوە، ئەوەش بەهۆی ونبوونی هەندێك لە بەڵگەكان و هەڵەی ئیجرائاتەوە. بەڵام ئەمجارە، وەكو ئەو دەڵێت "حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجی ئەوەیە تاوانەكانی داعش بەرامبەر بە ئێزدییەكان وەكو خۆیان بخرێنەڕوو".

مستەفا باسی كاری دەستەكەیان بۆ (رووداو) دەكات و دەڵێت "ئێمە كار لەسەر كۆكردنەوە و بە دۆكۆمێنتكردنی بەڵگەی ئەو تاوانانە دەكەین كە چەكدارانی داعش لە دژی هاووڵاتیانی مەدەنی لە شنگال و ناوچەكانی دەوروبەری ئەنجامیان داوە".

ئەیمەن و تیمەكەی هەموو ئەو بەڵگانە كۆدەكەنەوە كە رەنگە لە ئایندەدا ببنە هۆكارێك بۆ بەجینۆسایدناسینی ئەو تاوانانەی داعش دژی ئێزدییەكان كردوونی، بەڵام ئەو ناتوانێت بڕیار بدات كە ئەو تاوانەی كراوە، جینۆسایدە "ئێمە دادگا نین، لەبەرئەوە بڕیار لەوە نادەین كە تاوانەكە جینۆسایدە یان نا. پشت بە وتەكانی قوربانیان و شایەتەكان دەبەستین".

تیمەكەی ئەیمەن بەردەوام گوێ‌ لەو كەسانە دەگرن كە كەوتوونەتە دەستی داعش، ئەوان باسی ئەوە دەكەن كە چۆن رفێندراون، دەستدرێژییان كراوەتە سەر، یان بەزۆر ئاینەكەیان پێ گۆڕیون. ئەیمەن دەڵێت "وتەی شایەتحاڵەكان زۆر بە وردی تۆمار دەكەین".

قوربانییەكە فایلێك پڕ دەكاتەوە. ئەگەر پێویستیان بە پشكنینی پزیشكی بێت، دەیاننێرن بۆ نەخۆشخانە. هەروەها تیمێكی شارەزای دەروونی هەیە كە دادەنیشن و گوێ لە چیرۆكەكانی قوربانیان دەگرن، ئەگەر پێیان باش بێت ئەوا داوای چارەسەری پزیشكی زیاتر بۆ قوربانییەكە دەكەن. دواتر تیمێكی پسپۆڕی دەروونی لە نەخۆشخانەی ئازادی لە دهۆك بەدواداچوونی زیاتر بۆ تەندروستیی قوربانییەكە دەكەن. ئەیمەن مستەفا دەڵێت "راپۆرتە پزیشكی و دەروونییەكان هەموویان دەكرێ لە داهاتوودا وەكو بەڵگە بەكاربهێنرێن".

دادوەر مستەفا ژمارەی ئەو قوربانیانەی ئاشكرا نەكرد كە وتەیان لێوەرگرتوون، بەبیانووی ئەوەی بابەتەكە هەستیارە و بە نهێنی كارەكانیان دەكەن. بەڵام گوتی "دەتوانین بڵێین زیاتر لە 200 كەسمان هەیە كە هەموو ئیجرائاتەكانیان تەواو كردووە. هەروەها نزیكەی 300 كەسمان هەیە كە لە لیستی چاوەڕوانیدان، ئێمە كارەكانمان لەسەرخۆ دەكەین بۆ ئەوەی هیچ وردەكارییەكی تاوانەكان بەجێنەهێڵین".

ئەم دەستەیە هیچ سیستم و میتۆدێكی تایبەت بە خۆیان نییە بۆ كاركردن. سەرۆكی دەستەكە دەڵێت "ئێمە سوود لە ئەزموونەكانی رواندا و كۆسۆڤۆ و دارفۆر، ئەو شوێنانەی كە جینۆسایدیان تێدا رووداوە، وەردەگرین. هەندێك لەو كارانەی كە لەو شوێنانەدا دەركەوت بە سوود بوون، لێرە ئێمە بەكاریان دێنین".
دەستە لۆكاڵییەكەی ئەیمەن مستەفا، سەر بە دەستەی باڵای دەستنیشانكردنی تاوانەكانی جینۆسایدە لە هەولێر كە لەلایەن مەحموود ساڵح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان، بەڕێوەدەبرێت. مانگانەش راپۆرتی خۆیان بۆ ئەوان دەنێرن.

ئەم دەستەیە تواناكانی سنووردارن و كاریان زۆرتر كۆكردنەوەی زانیارییە. ئەیمەن مستەفا نموونەیەكی هێنایەوە و گوتی "مانگی رابردوو، زانیاریمان لەسەر چەند شوێنێك هەبوو كە رەنگە گۆڕی بەكۆمەڵ بن. لەبەرئەوەی دەستەكەی ئێمە تیمی شارەزا و پێداویستی هەڵكۆڵینی نییە، وەزارەت تیمی شارەزای خۆی ناردە شوێنەكە.

ئێستا دەیەها رووفاتی قوربانیمان لەو شوێنەدا هەیە. لەوێ دەردەهێنرێن و دەنێردرێن بۆ نەخۆشخانەی ئازادی تا پشكنینی (دی ئێن ئەی)یان بۆ بكرێ".

كاری دەستەكەی دهۆك كۆكردنەوەی زانیارییە بۆ دەستەی باڵا. ئەوان (دەستەی باڵا) هەوڵ دەدەن پەیوەندی بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بكەن و بەڵگەكانیان نیشان بدەن".

سەبارەت بە بەكارهێنانی ئەو بەڵگانە بۆ كردنەوەی دۆسیەیەك لە دادگای لاهای، ئەیمەن مستەفا گوتی "ئەوە دەكەوێتە سەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان. ئەوان دەتوانن كەیسەكە رەوانەی دادگای لاهای بكەن".

كارەكانی دەستەی تایبەت بە لێكۆڵینەوە و بە دۆكیۆمێنتكردنی تاوانەكانی داعش، تەنیا قوربانیانی ئێزدی ناگرێتەوە. وەك ئەیمەن مستەفا گوتی "كریستیانەكانیش دەڵێن جینۆساید كراون. دەستەكەی ئێمە لەو تاوانانە دەكۆڵێتەوە كە لە دەرەوەی ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا روویانداوە، ئەوە كریستیانەكانیش دەگرێتەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ كریستیانێك سەردانی دەستەكەی ئێمەی نەكردووە و سكاڵای لای ئێمە تۆمارنەكردووە".

ئەو دادوەرە سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی لەوەی كە بۆچی هیچ مەسیحییەك تاوەكو ئێستا سكاڵای تۆمار نەكردووە، لە كاتێكدا دەرگای دەستەكەی ئەوان بۆ هەموو قوربانیانی دەستی داعش كراوەیە.

ئەو دادوەرە هەر خۆی هۆكاری ئەمە رووندەكاتەوە و دەڵێت "لەگەڵ رێزم بۆ هەموو ئەو كەسانەی كە خۆشەویست و ئازیزەكانیان لەسەر دەستی داعش لە دەستداوە، قورسایی تاوانەكانی دژ بە كریستیانەكان هێندەی قورسایی ئەو تاوانانە نییە كە لەبەرامبەر ئێزدییەكان كرا، ئەوان هەلی ئەوەیان پێدرابوو كە ماڵ و حاڵیان بپێچنەوە و لە ناوچەكە دەریچن و بچنە شوێنێكی ئارام. بەڵام ئێزدییەكان ئەوەیان نەبوو. ئێزدییەكان لەلایەن داعش و گوندنشینە عەرەبەكانەوە خەڵەتێنران و پێیانگوترابوو كە ترسیان نەبێت، داعش تەنیا دژی پێشمەرگەیە".

ئەم دەستەیە ناچێت بەلای رۆڵی تاوانكارانەوە، وەك ئەیمەن مستەفا گوتی "تەركیزی ئێمە لەسەر تاوانبارەكان نییە. ئەگەر تەركیزی ئێمە لەسەر تاوانبار بێت، ئەوا دەبێت فەرمانی گرتن دەربكەین و تاوانبار بخەینە زیندان و بیاننێرین بۆ دادگا، بەڵام ئەمە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە وەكو دەستەی لێكۆڵینەوە. بەپێی یاسای رۆم، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان ناتوانێت لێكۆڵینەوە لە هیچ تاوانێك بكات، ئەگەر پێشتر لەلایەن دەستەیەكی ناوخۆییەوە لێكۆڵینەوەی لێكرابێت".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە