prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەردی بناخەی پردی تەنگی سەیید محەممەد لە هەڵەبجە دانرا کە پارێزگاکە بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە. وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێت، گوژمەکەی زیاتر لە 26 ملیار دینارە و پێویستە بە کەمتر لە 900 رۆژ تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 15-03-2025، بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەردی بناخەی پردی تەنگی سەیید محەممەد لە پارێزگای هەڵەبجە دانرا.
دوای دانانی بەردی بناخەکە، دانا عەبدولکەریم لە گوتەیەکدا رایگەیاند، درێژیی پردەکە 690 مەترە و زیاتر لە 26 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
بەگوتەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، دەبێ کۆمپانیای جێبەجێکار لە ماوەی کەمتر لە 900 رۆژدا پڕۆژەکە تەواو بکات و بخرێتە خزمەت خەڵکەوە.
دانا عەبدولکەریم گوتی: ''ئەم پڕۆژەیە تەواوکەری پڕۆژەکانی دیکەیە کە وەک وەزارەت لە رابردوودا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێمان کردوون''.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، هەر لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە گرنگیان بە قیرتاوکردنی رێگەکان داوە و ''لەو چوارچێوەیەدا رێگەوبانی زیاتر لە 13 گوندی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار دینار قیرتاو و تێکەڵەیان بۆ کراوە.''
وەک دانا عەبدولکەریم دەڵێت، بەگشتی لەو ماوەیەدا بەگوژمەی زیاتر لە 560 ملیۆن دینار رێگەوبانی هەڵەبجە نۆژەن و چاککراوەتەوە.
22ـی شوباتی 2024 مەسرور بارزانی لە سەردانێکدا بۆ پارێزگای هەڵەبجە، بەردی بناخەی پردی تووەقوتی دانا. وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گوتی: ''کارکردن لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا دەستیپێکردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی پڕۆژەکە پێویستی بە دیزاینکردنەوە بوو، ئاستی جێبەجێکردنەکەی کەمێک دواکەوت.''
بەگوتەی دانا عەبدولکەریم، ئێستا دیزاینکردنەوەی پڕۆژەکە تەواو بووە و ''لە داهاتوویەکی نزیکدا گۆڕانکارییەکەی لە وەزارەت پەسند دەکرێت و بە شێوەیەکی زۆر خێرا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.''
پردی تووەقوت، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان پێکەوە دەبەستێتەوە، گۆژمەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە زیاتر لە 30 ملیار دینارە و 720 رۆژ بۆ تەواوکردنی دیاریکرابوو.
نۆژەنکردنەوەی رێگەی نێوان دەروازەی سنووریی سازان و ناوەندی پارێزگاکە یەکێک لەو بابەتانە بوو کە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی پێکرد و گوتی: ''لە داهاتوویەکی نزیکدا لە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر نۆژەنکردنەوەی رێگەکە دەدرێت و دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە''.
درێژیی رێگەکە زیاتر لە 22 کیلۆمەترە و بەگشتی دەروازەی سنووریی سازان، پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵەبجە پێکەوە دەبەستێتەوە. وەک دانا عەبدولکەریم دەڵێت، تێچووی نۆژەنکردنەوەی رێگەکە زیاتر لە 60 ملیار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ