رووداو دیجیتاڵ
شاندێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق بە سەرپەرشتیی بریکاری وەزارەتەکە گەیشتنە پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، بۆ بەشداریی لە ماتەمینی کیمیابارانی هەڵەبجە هاتوون. بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، پشکنین بۆ ئاو و ژینگەی هەڵەبجە دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 15-03-2024، شاندێکی وەزارەتی ژینگەی عێراقی بە سەرپەرشتیی د. ئیکتفا حەسناوی، بریکاری وەزارەتەکە گەیشتنە پارێزگای هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان.
ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەوبارەوە رایگەیاند، شاندەکە زیاتر لە 10 هەزار نەمامی جۆراوجۆریان لەگەڵ خۆیان هێناوە.
وەک ئازاد تۆفیق گوتی، شاندەکە بۆ بەشداری لە ماتەمینی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە هاتوون و بڕیارە تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی شەهیدان دابنێن.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا، د. ئیکتیفا حەسناوی، بریکاری وەزارەتی ژینگەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''لەسەر راسپاردەی نزار ئامێدی، وەزیری ژینگە بۆ پشکنینی خاک و ئاوی هەڵەبجە هاتووین، بۆ ئەوەی بزانرێت کاریگەریی کیمیاباران لەسەر شارەکە ماوە یان نا.''
پێشتر، چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاندبوو، لەسەر داواکاریی ئەوان بڕیارە 30 هەزار نەمامی جۆراوجۆر لە بەغداوە بهێندرێتە هەڵەبجە.
بەگوتەی چرۆ حەمە شەریف، بە نووسراوی فەرمی چەند داواکارییان ئاڕاستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، کە رەزامەندییان لەسەر دراوە، لەوانەش پێشکێشکردنی دیارییەک بە بڕی یەک ملیار دینار بە پارێزگاکە، ناردنی 100 گۆڕەر و ژمارەیەک ستوونی کارەبایی، پشکنین بۆ خاک و ئاوی هەڵەبجە و پاککردنەوەی سنووری نێوان رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە مین و تەقەمەنییەکانی جەنگی هەشت ساڵە.
هاوکات، محەممەد شیاع سوودانی بە فەرمی بانگهێشتی رێوڕەسمی ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە کرابوو کە رۆژی شەممە، 16ـی ئادار بەڕێوەدەچێت، بەڵام دوێنێ پێنجشەممە، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتار و ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، دوای چەند جار بەبیر هێنانەوە، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییان پێوە کردووە و پێیانگوتووە کە "بەداوای لێبووردنەوە" ناتوانێت سەردانی هەڵەبجە بکات.
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، شاری هەڵەبجە لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتی عێراقەوە کیمیاباران کرا و لە ئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار هاونیشتمانی شارەکە شەهیدبوون و زیاتر لە 10 هەزاری دیکە برینداربوون.
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە نزیکەی 130 هەزار کەسە؛ رووبەرەکەی 1599 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە.
پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەقەزابوونی خورماڵی داوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ